٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکیەتیی ئەورووپا: بەرخودانەکەی ڕێز و پێگەیەكی بەرزی بۆ پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا مسۆگەر كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی شاندێکی یەکیەتیی ئەورووپادا رایگه‌یاند، یەكیه‌تیی ئەورووپا دەتوانێ ڕۆڵێكی كاریگەرتری لە چارەكردنی قەیرانەكانی ناوچەكەدا هەبێت و، پێشوازیشی لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكیه‌تیی ئەورووپا كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی 3ـی 2015 لە سەڵاحەدیدن سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە شاندێكی یەكیه‌تیی ئەورووپا كرد كە پێك‌هاتبوو لە ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمیتەی بەرگری و كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی پارلەمانی ئەورووپا و (جانا هیباسكۆڤا) باڵیۆزی یەكیەتیی ئەورووپا لە عێراق.


لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە (سەرۆك بارزانی) كرد و ڕۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگەیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەرز نرخاند و، ئاماژەیان دا كە، شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ مەترسییەكان و بەرخودانی پێشمەرگە وایكردووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداریی ئافرەتان لەم بەرخودانەدا ڕێز و پێگەیەكی بەرزی بۆ پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا مسۆگەر كردووە. هەروەها ستاییشی سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستانیان كرد و ڕایانگەیاند كە دەیانەوێ كار بكەن بۆ بەردەوامیی و فراوانتركردنی پشتیوانی بۆ هەرێمی كوردستان و پێویستیشە وڵاتانی ئەوروپایی بەردەوام بن لە گەیاندنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی ئەوانی كرد لەمەڕ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و وێڕای ئاماژەدان بە چۆنییەتی دەركەوتنی داعش و پەلاماردانیان بۆ كوردستان و تاوانەكانیان ئەوەی خستەڕوو كە بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان پێشمەرگە ئوستوورەی داعشی شكاند و لە زۆربەی ناوچەكانی دەركردن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا داعش هێشتا هەڕەشەیە و پێویستە لەڕووی فكرییشەوە لەدژی تیرۆریستان بوەستین و داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر بكات و كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دیاردەی توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە مووسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا ماون ئازاد بكرێن. هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە یەكیه‌تی ئەوروپا دەتوانێ ڕۆڵێكی كاریگەرتری لە چارەكردنی قەیرانەكانی ناوچەكەدا هەبێت و پێشوازیشی لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكیەتیی ئەورووپا كرد.


لەبەشێكی دیكەی ئەم دیدارە باس لە گرفتی ئاوارەكان كرا و شاندی میوان پێزانینی بۆ هەرێمی كوردستان هەبوو كە سەرباری شەڕ و قەیرانی ئابووری یارمەتیی پتر لە ملیونێك و پێنجسەد هەزار ئاوارەی داواە كە خۆی لە خۆیدا بارێكی قورسە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان. هەروەها ستاییشی هێزی پێشمەرگەیان كرد كە مامەڵەیەكی زۆر شیاویان لەگەڵ عەرەبی ئەو ناوچانە كردووە كە لەژێر دەستەڵاتی تیرۆریستان ئازاد كراون.

هەواڵی پەیوەندیدار