٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریكاییە خۆبەخشەکان: جێی شەرمە هێزەكانی پێشمەرگە ئەو پشتیگیرییەیان نییە كە شایەنیانە

سەرچاوە: KDP.info

ئێن بی سی نیوز-KDP.info-  ناووبانگ و قارەمانیێتیی هێزی پێشمەرگە، بووەتەوە هۆكاری ئەوەی كە ڕۆژ بە ڕۆژ لە تەواوی دونیاوە سەربازەكان چ بە شێوەی فەرمی و نافەرمی، خۆبەخشانە پەیوەندی بە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بكەن.


(ئارۆن كۆر) یەكێك لەو ئەمەریكاییە خۆبەخشانەیە و دەڵێ، پێشمەرگە زۆر ستاییشی ئەو هەڵوێستەی كردوون و زۆر بە گەرمییش پێشوازیی لێ كردوون.
(كۆر) دەڵێت: "ئامادەبوونی ئێمە سوودێكی زۆر بە پێشمەرگە دەگەیەنێت، بڕوام وایە ئەگەر خەڵکی زیاتر پەیوەندی بە پێشمەرگەوە بكەن، ئەوا شتێكی سەرسامكەر دەبێت و پێشمەرگە زیاتر بەهێز دەبێت".

سەربازێكی دیكە بە ناوی (جێرمی ودارد) ئاماژەی دا كە، شەڕكردن شانبەشانی كورد دژی دوژمنان و تیرۆریستان زۆر دڵخۆشی دەكات، پێشمەرگە بەوپەڕی گیانفیداییەوە ئامادەن هەر شتێكت پێویست بێت پێتی بدەن، ئەگەر تۆ هیچیشیت پێ نەبێ، بۆیە بە راستی جێی شەرمە كە هێزەكانی پێشمەرگە ئەو پشتیگیرییەیان نییە كە شایەنیانە.

هاوكات یەكێك لە خۆبەخشەكان گوتی: "بینیم خەڵكەكەی ئێرە (هەرێمی كوردستان) هەموویان قوربانی دەدەن و زۆر ئازار دەچێژن، پرسیارەكەم ئەوەیە، بۆچی تەنیا دەبێت ئەمان (كوردەكان) ببنە قوربانی نەك تەنیا بۆ هاونیشتیمانیانی خۆیان، بەڵكە بۆ تەواوی جیهان؟". 

شایەنی باسە، هێزی پێشمەرگە ئەوەی ئاشكرا كردووە كە زیاتر لە 100 سەربازی ئەمەریكایی یارمەتییان دەدەن كە زۆربەی زۆریان كۆنەسەربازی شارەزان. یەكێك لەوانە (ساموێل تێكساس)ـە، كە پێناسەی داعش بە "نەگریس و خوێنڕێژ" دەكات و دەڵێت، ویستوویەتی لەگەڵ پێشمەرگەدا بەشداریی شەڕی دژ داعش بكات، وەك خۆیشی گوتی، بەشدارییەكەیان بۆ ئەوەیە تیرۆریستان ڕەوانەی دۆزەخ بكەن.

و/خەسرەو زێرینجۆیی
 

هەواڵی پەیوەندیدار