پێنج كۆمپانیای بواری نەوت لە هەرێمی كوردستاندا دادەمەزرێن

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پێنج كۆمپانیای بواری نەوت لە هەرێمی كوردستاندا دادەمەزرێن، كە پرۆسەی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا رێك دەخرێت و، بۆ هەر كۆمپانیایەك حكوومەت پڕۆژەیاسایەك بۆ پەرلەمان رەوانە دەكات، بۆ ئەوەی بەیاسایی بكرێن و تاوەكو ئێستایش دوو پڕۆژەیاسایان رەوانە كردوون و، بڕیارە بەم زووانە سێ پڕۆژەیاساكەی دیكەیش رەوانە بكەن.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (عەلی هالۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی یاسای نەوت و غاز كە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، چەند كۆمپانیایەك دادەمەزرێن، لەوانە "كەپكۆ-KEPCO-" كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوە و وەبەرهێنانی نەوت، "كۆمپانیای كوردستانی نیشتیمانی نەوت-KNOC-"، كۆمپانیای "كۆمۆ-KOMO-" بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی كوردستان، "كۆدۆ-KODO-" و كۆمپانیای كوردستان بۆ فرۆشتن و پاڵاوتن و پاشكۆیەكانی و سندووقی داهاتی نەوت".
(عەلی هالۆ) گوتیشی: "هەر یەكێك لەو كۆمپانیایانە پێویستیان بە پڕۆژەیاسایەك هەیە، بۆیە تاوەكو ئێستا دوو لەو پڕۆژەیاسایانە گەییشتوونەتە دەست ئێمە، لەوانە سندووقی داهاتی نەوت كە خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ كراوە و شەش ماددەی لێ پەسەند كراون، كە لە كۆبوونەوەی داهاتوویشدا پەسەند دەكرێت، هەروەها پڕۆژەیاسای كەبكۆ بۆ دۆزینەوە و وەبەرهێنانی نەوت گەییشتووەتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان ڕوونیشی كردەوە، بە پەسندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانە كاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان زۆر بە شێوەیەكی باشتر بەڕێوە دەچێت و شەفافتریش دەبێت.
ئەوەیشی گوت كە، بڕیارە لە ماویەەكی نزیكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسا بۆ كۆمپانیاكانی دیكەیش رەوانە بكات و لەلایەن پەرلەمانەوە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێن.
بڵند ئیبراهیم




