دەزگای بارزانی مووچەی 4 مانگی 4946 منداڵی بێباوك دابەش دەكات

هەولێر-KDP.info- لە درێژەی كار و چالاكییەكانی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ یارمەتیدانی منداڵانی بێباوك لە هەرێمی كوردستان، بە هاوكاریی خێرومەند و دەوڵەمەند و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان، لەسەر پشكی قۆناخی كوردستان، مووچەی 4 مانگ بەسەر 4946 منداڵی بێباوك (ئازیز)ـدا دابەش دەكات.
لە درێژەی كار و چالاكییەكانی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكاریی پڕۆژەی كوردستان كە تایبەتە بەو كۆمەك و هاوكارییە مادییانەی لەلایەن دەوڵەمەند و خێرومەند و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ منداڵی بێباوكیان دابین كردووە، پڕۆژەكە دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە، بۆ ئەمەیش لە یەكەم وێستگەدا لە شاری دهۆك دەست كرا بە دابەشكردنی مووچەی 4 مانگ بەسەر ئازیزانی ئەو شارەدا كە خۆی لە (853) منداڵدا دەبینییەوە، پاشان منداڵانی ئازیزی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، كە كۆی گشتیی منداڵانی سوودمەند لەم قۆناخەی ئێستادا بریتی دەبێت لە (4946) منداڵی ئازیز.
شایانی باسە، لەم پڕۆژەیەدا هەر منداڵێكی بێباوكی سوودمەند لە پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی كوردستان، مانگانە 50 دۆلار وەكو هاوكاری وەردەگرێت كە چوار مانگ دەكاتە 200 دۆلار.




