٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوپاسالاری پێشمەرگە:‌ 96%ـی ئامانجەكانمان پێكاون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info-  سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئەوەی پێشمەرگە لە ناوچەكاندا كردوویەتی، لە هیچ هێزێكی دیكە نەبینراوە و 96%ـی ئامانجەكانیشیان پێكاون.

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق (جەمال محەممەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشمەرگەی كوردستان بە پلانێكی سەربازیی بەهێزەوە شەڕ لەگەڵ داعشدا دەكات و گەورەترین سەركەوتنیشی بەدەست هێناوە، چونكە هیچ هێزێك نییە لە ناوچەكەدا بتوانێت بۆ ماوەی 8 مانگ ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە".

فەریق (جەمال) گوتیشی: "پێشمەرگە ستراتیژییەتی خۆی لە كاتی شەڕدا دەگۆڕێت، چونكە هیچ كاتێك نایەوێت دەستبەرداری هیچ میحوەرێك ببێت، باشترین بەڵگەیش ئەوەیە كە پێشمەرگە لە میحوەری كەركووك و كەسكێ و گوێڕ سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە و لە سەرجەم میحوەرەكانی دیكەیش هەروەها، چونكە پێشمەرگە هەر پێشڕەوییەك بكات، بە تەواوی ئامانجی خۆی دەپێكێت، ئێستایش پێشمەرگە لە راوەدوونان و تكێشكاندنی داعش بەردەوامە، بە تایبەتی لە هێرشەكانی ئەم دواییەدا هێزی پێشمەرگە توانی 96%ـی ئامانجەكانی خۆی بپێكێت و چەند شوێنێكیش گیراونەتەوە كە پێشووتر لە بەرنامەی هێرشكردندا نەبوون".

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیشی خستە ڕوو، ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان قۆناخ بە قۆناخ مەشقی زیاتر دەكەن، بە تایبەتی راهێنان لەسەر چەكی قورس كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دراونەتە پێشمەرگە و لە ماوەی داهاتوویشدا مەشقكردن بە هێزی پێشمەرگە فراوانتر دەبێت، بە تایبەت راهێنان لەسەر چەكە قورسەكان.

كارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار