٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

10 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزرانەوە.. تا ئێستا 3ـیان هەڵدراونەتەوە ‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی شەهیدان رایگەیاند، تا ئێستا لە سنووری شارۆچكەی شنگال 3 گۆڕی بەكۆمەڵ لە ناوچە ئازادبووەكان دۆزراونەتەوە و هەڵدراونەتەوە، هەروەها زیاتر لە 7 گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەیش لە ناوچەكەدا هەن، بەڵام تا دەڤەرەكە بە تەواوەتی ئازاد نەكرێت، ناتوانرێت ئەو گۆڕانە هەڵ بدرێنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی شەهیدان (بەرەڤان حەمدی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تا ئێستا وەزارەتی كاروباری شەهیدان لە رێگەی تیمی گۆڕی بەكۆمەڵ و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری لە ناوچەكە، سێ گۆڕی بەكۆمەڵی لە سنووری شارۆچكەی شنگال هەڵداونەتەوە، كە زیاتر لە 63 تەرمی تێدان، ئەو سێ گۆڕە لە خانەسۆر و دووڕێیانی سنوون و ئەوەی دیكەیان لە بردیا، هەروەها لە شوێنە جیاجیاكان زیاتر لە 10 تەرم دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشكی دادی دهۆك كراون".
(بەرەڤان حەمدی) زیاتر گوتی: "بەپێی ئامارەكانی بەردەستی ئێمە، زیاتر لە 10 گۆڕی بەكۆمەڵ لە سنووری شارۆچكەی شنگالدا هەن، بەڵام بەو پێیەی هێشتا ناوچەكە بە تەواوەتی ئازاد نەكراوە، بۆیە ئەو دۆسیەیەمان پاش خستووە تا ئازادكردنی ئەو ناوچانە، دواتر كار لەسەر هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە دەكەین".
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی شەهیدان ئاماژەیشی دا: "بە پێی پێشبینییەكانی ئێمە و ئەو زانیاریانەی دەستمان كەوتوون، لە رۆژئاوای شنگال چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵ هەن، بەڵام تا ئەو ناوچانە بە تەواوەتی ئازاد نەكرێن، ناتوانین كار لەسەر ئەو گۆڕانە بكەین و هەڵیان بدەینەوە".

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار