سەفین دزەیی: دوای پشووی جەژن شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بڕیار وایە دوای پشووی جەژنی نەورۆز شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراقدا كۆ ببێتەوە. روونیشی دەكاتەوە كە، حكوومەتی هەرێم تەواو پابەندە بەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدادا واژۆی كردووە.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (سەفین دزەیی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیار وایە پاش پشووی جەژنی نەورۆز شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق لەسەر كێشەكانی نێوان ڕێكەوتنی هەولێر و بەغدا كۆ ببنەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەو شاندە بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەبێت، یان نا.
(دزەیی) گوتیشی: "حكوومەتی هەرێم تەواو پابەندە بەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدادا واژۆی كردووە، ئەركی خۆی تەواو جێبەجێ كردووە و رۆژانە بە زیادەوە 250 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە بەغدا، هەر بۆیە چوونی ئەو شاندە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەیە بزانین هۆكار چییە كە حكوومەتی عێراق بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان رەوانە ناكات".
رابین شێروانی




