ئەمڕۆ شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتوونەتە کۆبانی

کۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ دەڵێ ئەمڕۆ شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمر چوونەتە شاری كۆبانێ، دەربارەی كەموكووڕی و پێداویستیەكانی ئەو شارە پرسیان بە بەرپرسانی شارەكە کردووە.
عەمید (تەلعەت ساڵح زراری) فەرماندەی هێزی پێشمەرگەکانی كۆبانێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێكی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر سەردانی شاری كۆبانێ یان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارەدا دانیشتن هەتا بزانن خەڵکی ئەو شارە تازەئازادکراوە چییان پێویستە و، چۆناوچۆنیان هاوکاری بکەن."
(تەلعەت زراری) ڕایشیگەیاند: "بەرپەرسانی كۆبانی گشت داواكانی خۆیان پێشكەش بە شاندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمر كرد لە بارەی نەبوونی خزمەتگوزاریەكان و پێداویستیەكانی خەڵكی گەڕاوەی ئەو شارە لە ئاو و كارەبا و خۆراك و و، هتد؛ خەڵکی كۆبانێیش زۆر هیوایان بە كوردستانی باشوور و دەزگا خێرخوازییەكان هەیە بە تایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمر."
(زراری) دەیشڵێت: "شاندەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمر پاش سەردانی بەرپرسانی شارەکە، هاتنە لای ئێمەی هێزەكانی پێشمەرگەیش و، دڵیان خۆش کردین."
نەشوان بەرزنجی




