نووسینگەی مەحموود محەمەد: ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هەواڵێکی نادروستی ماڵپەڕی لڤین ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی (مەحموود محەمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند کە، بە داخەوە وەكو پیشەی هەمیشەیییان سایتی لڤین دوور لە دابی ڕۆژنامەنووسی لە هەواڵەكەیاندا پرسی پڕۆژەدەستووری هەرێمی كوردستان و بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیان لە ناو گفتوگۆكانی هەڤاڵ مەحموود محەمەد تێكەڵ كردووە و، بە مەیلی خۆیان و، وەكو ئەوەی كە مەبەستیانە سەرەدێڕێکیان داتاشیوە كە هیچ پەیوەندییەکی بە چاوپێكەوتنەكەوە نییە!
دەقی ڕوونکردنەوەکەی نووسینگەی هەڤاڵ (مەحموود محەمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان:
سەبارەت بە هەواڵێكی ئەمڕۆ 16/3/2015ـی ماڵپەڕی لڤینپرێس لە ژێر ناونیشانی (مەكتەبی سیاسی پارتی: لە هەوڵداین بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی) كە هەروەكو ئاماژەیان پێ داوە ناوەڕۆكی هەواڵەكەیان لە گفتوگۆكانی هەڤاڵ مەحموود محەمەد لە بەرنامەی (لە كوردستانەوە)ی كەناڵە ئاسمانییەکەی 'كوردستانتیڤی'ـیەوە وەرگرتووە.
بە داخەوە وەكو پیشەی هەمیشەیییان سایتی لڤین دوور لە ئیتیكی ڕۆژنامەنووسی لە هەواڵەكەیاندا پرسی پڕۆژەدەستوری هەرێمی كوردستان و، بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیان لە ناو گفتوگۆكانی هەڤاڵ مەحموود محەمەد تێكەڵ كردووە و، بە خواستی خۆیان و، وەكو ئەوەی كە مەبەستیانە مانشێتێكیان داتاشیوە كە هیچ پەیوەندییەکی بە چاوپێكەوتنەكەوە نییە.
لە كاتێكدا هەواڵەكە ڕەت دەكەینەوە و ڕایدەگەیێنین كە لەگفتوگۆكانی ئەو هەڤاڵەدا بە هیچ شێوەیەك باس لە درێژكرنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەكراوە، لە هەمان كاتیشدا ئامۆژگاریی بەڕێوەبەرانی سایتی لڤین دەكەین كە پێویستە باشتر لە ئەركی پیرۆزی ڕۆژنامەوانی بڕوانن و، لە پێناو بازاڕگەرمی و ورووژاندندا پرنسیپ و بەرپرسیاریەتییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی پیشەی ڕۆژنامەوانی فەرامۆش نەكەن.
نووسینگەی هەڤاڵ مەحموود محەمەد
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
18/3/2015




