پێدەچێت تا جەژنی نەورۆز لایەنە سیاسییەکانی ھەڵەبجە ڕێک بکەون

هەڵەبجە-KDP.info- (لوقمان عەبدولقادر) سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانەکەی ھەڵەبجە دەڵێ، کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانەکەی ھەڵەبجە خەمی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەڵەبجەیان هەیە؛ جا بەو بۆنەیشەوە بووبێ وا بڕیارە تاوەکو یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز لایەنەکان ڕێک بکەون.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانەکەی ھەڵەبجە (لوقمان عەبدولقادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە ئاشکرا ھەڵوێستی خۆمان دەربارەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەڵەبجە دەربڕیوە و، گوتوومانە کەسوکاری قوربانیان خەمی ئەو دواکەوتنەیان هەیە و، داوا دەکەن پەلەی لێ بکرێت با ببڕێتەوە."
(لوقمان عەبدولقادر) گوتیشی، باس لەوە دەکرێت کە بڕیارە تاوەکو یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز لایەنەکان دەربارەی حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەڵەبجە ڕێک بکەون."
ئەوەشی خستە ڕوو، دانەمەزرانی حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەڵەبجە، خەتای حکوومەتی هەرێمی تێدا نییە و، لەبەر ئەوە سەری نەگرتووە کە لایەنە سیاسییەکانی ئەوێ جارێ ڕێک نەکەوتوونە. ھیوادارین ئیتر کارەکە سەر بگرێت.
بڵند ئیبراھیم




