یۆنامی و كۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ستاییشی هەرێم دەکەن.. دیندار زێباری: ڕاپۆرتەکەیان بەجێوڕێیە
هەولێر-KDP.info- هەریەک لە یۆنامی و نووسینگەی یۆئێنی سەر بە كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە ژنێف ستاییشی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە کە سەرەڕای ئەوەی بەغدا مووچە و بوودجەی لێ بڕیون، نزیكەی دووملیۆن ئاوارەی گرتووەتە خۆ و داڵدەیانی داوە.
یۆنامی و نووسینگەی یوئێنی سەر بە كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە ژنێف ڕاپۆرتێكی هاوبەشیان سەبارەت بە پاراستنی خەڵكی لاشەڕ (سڤیل) لە جەنگدا لە عێراق لە ماوەی نێوان 11/7/2014 تا 10/12/2014 بڵاو كردووەتەوە و، لە ڕاپۆرتەکەدا تیشكیان خستووەتە سەر ڕەوشی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵكی لاشەڕ، لەو شەڕەی داعش هەڵگیرساندووە؛ دیارە ڕێكخراوە تیرۆریستییەکەی داعش شاری مووسڵ و چەند شارێكی دیكەی عێراقیان داگیر کردووە و، هێرشیشیان هێنایە سەر كوردستان و، گەلێ خەڵكی لاشەڕیان چەوساندەوە و، هێشتایش هەر خەریکن.
د. دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی وەڵامدانەوە و پێداچوونەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی ڕاپۆرتەكە ڕایگەیاند ئەوەی جێگای خۆشحاڵی ئێمەیە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاپۆرتەكەدا، هێزە ئەمنییەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەستۆیان پاکە، پێچەوانەی ڕاپۆرتەكەی ماوەیەك لەمەوبەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤ کە بە ناهەق و درۆ، تۆمەتی بۆ هێزە ئەمنییەكانی كوردستان هەڵبەستبوو گوایە عەرەبە سوننەكانی ناوچانە شەڕاوییەکانی چەوساندووەتەوە. زێباری ئەم ڕاپۆرتە هاوبەشەی بە وەڵامێك بۆ ڕاپۆرتەكەی مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا؛ دیارە لەم ڕاپۆرتەدا ــ پێچەوانەوەی ڕاپۆرتەکەی پێشوو ــ ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كراوە کە سەرەڕای ئەوەی بەغدا مووچە و بوودجەی لێ بڕیوە، نزیكەی دووملیۆن ئاوارەی گرتووەتە خۆ و داڵدەیانی داوە، ئەگەرچی زۆربەیشیان عەرەبی سوننەن.
دیارە ڕاپۆرتە هاوبەشەكەی یۆنامی و نووسینگەی یوئێنی سەر بە كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە ژنێف سەبارەت بە پاراستنی خەڵكی لاشەڕ لە ئاژاوەکەی عێراقدا، باسی ئەو زڵموزۆرە دەکا کە ڕێكخراوە تیرۆریستییەکەی داعش لە هاووڵاتیانی لاشەڕ دەیکا، بە تایبەتی ئەو زڵموزۆرەی لە كەمینەی وەك ئێزدی، كاكەیی، دیان (كریستیان)، شەبەك و، فەیلی؛ لە کاولکردنی ماڵ و مزگەوت و خسن (مەزارگە) و شوێنەوارەوە بگرە هەتا کوشتن و ڕفاندن؛ هەموویشی هەر تاوانی 'جەنگی'ـیە.
ڕاپۆرتەكە باسی تاوان و زڵموزۆری تیشكی میلیشیای حەشدیشەعبییشی کردووە، کە چۆن خەڵکی ئەو ناوچە سوننەنشینانە دەچەوسێننەوە کە گوایە لە دەستی داعش ڕزگار کراون! ڕاپۆرتەکە دەڵێ ئەوەتا حەشدیشەعبی لە جەلەولا و سەعدیە سووتاندن و خاپوور كردنی ماڵی هاووڵاتیان و تێكدانی ماڵ و مزگەوتی سوننەكان دەسووتێنێ و خاپووری دەکا؛ لەوێ دەیان لاشەیان دۆزیوەتەوە شوێنەواری ئەشكەنجەیان پێوە دیارە.
لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەش كۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤ داوای لە عێراق کردووە ببێتە ئەندامی پەیماننامەی ڕۆما؛ کە تایبەت بە دادگا نێودەوڵەتییەکەی ساغکردنەوەی تاوان، بەشکەم ڕێگاکە خۆش ببێت ئەو دادگایە کاری خۆی بکات.




