ڕوونكردنەوەیەك لە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە

هەولێر-KDP.info-دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا چەند تۆمەتێک بە درۆ دەخاتەوە کە چەند کەسانێک هەن چاویان بە دەستکەوتەکانی ئەو دەزگایە هەڵنایە و، ویستوویانە قسەی بێبنەما بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە؛ بۆیە دەزگا بە پێویستی زانیوە ئەم ڕوونکردنەوەیە ڕابگەیێنێت.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
زۆر بە داخەوە كەسانێك هەن كە چاویان بەرایی نایە كە ئەو هەموو كاروچالاكییە فراوانەی دەزگایەكی كوردستانی دەبینن، ئەمە لە كاتێكدا كە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئاژانسەكانی یوئێن و كەسایەتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆژانە دەستخۆشی لە خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن. دواهەمینیشیان گوتەكانی ئیمانوێل ژینیاكی بەرپرسی یەكەمی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی جیهانە کە لە كوردستاندا گوتی: "جێگەی شانازیی ئێمەیە هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بین لە گەیاندنی هاوكارییەكان بە پەنابەران و ئاوارەكان؛ ئێمە سەرسامین بە كاری مەیدانی و كارمەندە مەیدانییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و، ئەو هەوڵانەیان لە پێناوی ئاوارە و پەنابەران بەرز دەنرخێنین. دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و، ئێمە و ڕێكخراوەكانی یوئێن و لایەنی حكوومی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەستخۆشییان لێ دەکەین."
جگە لەوەیش، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبەر كاروچالاكییە فراوانەكانی، بەردەوام بانگهێشتی كۆنفرانسە نێودوڵەتییەكان دەكرێ.
جا لە بری ئەوەی ئەم كەسانە پێی دڵخۆش بن، تۆمەتی ناڕەوامان بۆ هەڵدەبەستن, ئێمە دڵنیاین چەند كەسێكی ڕەشبین نەبێ هەر تاكێكی كۆمەڵگەی كوردەواری هەست بە شەرمەزاری دەكا لە ئاست ئەم جۆرە تۆمەتانە. ماوەیەك لەمەوبەر بەڕێزێك تۆمەتی ئەوەی هەڵبەستبوو گوایە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكارییەكانی یانەی بەرشلۆنە بە ناوی خۆیەوە بڵاو دەكاتەوە، وێڕای وەڵامی كرداریمان بە دابەشكردنی هاوكارییەكانی یانەی بەرشلۆنە لە بەردەمی میدیا و بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەو یانەیەدا، ئەو گلەییەمان لە دۆستێكی خۆی كرد. لە وەڵامدا ئەو بەڕێزە گوتی: "لە ڕاستیدا ئەوەی هەستی مرۆیی و كوردایەتیی هەبێت، ئەمڕۆ شانازی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دەكات، ئەم هەڤاڵەی ئێمەش نە هیچ لە كاری مرۆیی دەزانێ و، نە هیچ لە كاری ڕێكخراوەیی، ئەگەرنا گەورەترین دەستكەوت لە كاری مرۆییدا ئەوەیە ڕووی ڕێكخراو و ئاژانسە مرۆییە گەورەكان بەرەو هەژاران و لێقەوماوانی وڵاتەكەت وەرگێڕی."
لەم ڕۆژانە لە یەكێك لە پەیجەكانی فەیسبووك لە كوردستان درۆیەكی شاخدار بڵاو كرایەوە و، بەڵگەیشی بۆ دروست كراوە كە گوایە دەزگای خێرخوازیی بارزانی چوارملیۆن دیناری بەخشیوەتە هونەرمەندێكی كورد. وێڕای ئەوەی ئێمە ڕێزێكی بێپایانمان بۆ تەواوی هونەرمەندانی كوردستان هەیە و هەركاتێكیش داوامان لێیان كردبێت، خۆبەخشانە هاوكارییان كردووین، بەڵام سەرلەبەری ئەو هەواڵ و بەڵگە ساختانە بە درۆ دەخەینەوە و، دڵسۆزانی كاری مرۆیی و دەزگایش ئاگادار دەكەینەوە كە ئێمە ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر. باشترین وەڵامیش بۆ ئەم تاریكبینانە، كارو چالاكیی خێرخوازانەی بەردەوامە و، بەڵێنیش بە هەموو دۆست و كوردستانیان دەدەین دەزگا بكەینە نموونەیەك كە بەردەوام مرۆڤایەتی شانازی پێوە بكات.
لەگەڵ ڕێزدا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی
18/3/2015




