گەشتە ئاسمانییەکان هەولێر و یەریڤان پێکەوە دەبەستنەوە.. ئەرمەنستان كۆنسووڵخانە لە هەولێر دەكاتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەرمەنستان كۆنسووڵخانە لە هەولێر دەكاتەوە و، ئاسمانەڕێی ئەرمەنستانیش لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەست بە گەشتەكانی دەكات. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (لێڤۆن سارگسیان) نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان و (كارین گرێگۆریان) باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا كرد و (سارگسیان) هاوکات ئاماژەیشی دا كە، كەرتی تایبەتی وڵاتەکەی ئامادەیە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكات و، بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوكاری و ئاسانكاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان سڵاو و ڕێزی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند و تیشكی خستە سەر پەیوەندیی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كورد و ئەرمەن و خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو گەل كرد و ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز و پتەو لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەربڕی و بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان ئامادەن كۆمسیۆنێكی هاوبەشی دۆستایەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمەنستاندا دروست بكەن بە شێوەیەك كار لەسەر ژمارەیەك بابەتی وەك ڕۆشنبیری و بازرگانی و ئابووری و بوارەكانی دیكە لە نێوان هەردوولادا بكات.
شاندی میوان هەروەها ئەوەیان بە (نێچیرڤان بارزانی) ڕاگەیاند كە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆنسووڵخانەی ئەرمەنستان لە هەولێر دەكەنەوە و هەروەها ئاسمانەڕێی ئەرمەنستانیش لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەست بە گەشتەكانی دەكات و، ئاماژەیان بەوەش دا كە كەرتی تایبەتی ئەرمەنستان ئامادەیە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكات و بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوكاری و ئاسانكاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی ئەرمەنستان دەربڕی و پێشوازی لە بڕیارەكەیان لە بارەی كردنەوەی كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێر و دەستپێكردنی گەشتە ئاسمانییەكانی هێڵی ئاسمانیی ئەرمەنستان بۆ هەرێم كرد و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ دروستكردنی كۆمسیۆنی هاوبەشی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمەنستان دەربڕی و، ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو هاوكاری و كارئاسانییەك پێشكەش بەو كارسازان و سەرمایەدارانەی ئەرمەنستان دەكرێت كە دەخوازن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و بۆ ئەم مەبەستەش ئەو كۆمسیۆنەی كە لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دروست دەكرێت، دەتوانێت ئەو بابەتانە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك گفتوگۆ بكات و ئەو بوارانە دیاری بكات كە هەردوولا دەتوانن كاری لەسەر بكەن و حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیە بەپێی یاساكانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە هەرێم، هاوكارییان بكات.
(نێچیرڤان بارزانی) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەسەر بایەخی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و زانستییەكانی نێوان هەرێم و ئەرمەنستاندا كردەوە، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی شاند و دابینكردنی بۆرسی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی ئەرمینیا، كە ئەمەش دەچێتە چورچێوەی دروستكرنی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا.




