٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

توركمانەكان داوای پێكهێنانی سوپایەك لە ژێر فەرمانی سەرۆك بارزانیدا دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی لیستی چاكسازیی پێشكەوتووی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، وەك توركمانەكان رۆڵی سەرۆكی هەرێم لە بەرەكانی جەنگدا بەرز دەنرخێنن، چونكە ئەگەر ئێستا ئەو لە بەرەكانی جەنگدا نەبووایە، لەوانەیە رەوشەكە بە شێوەیەكی دیكە بووایە. دەشڵێت: "وەك توركمانەكان، بە تایبەتی حزبی چاكسازیی پێشكەوتووی توركمان، سوپایەكمان ناوێت لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵكە دەمانەوێت لە ژێر فەرمانەكانی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت".

سەرۆكی لیستی چاكسازیی پێشكەوتووی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان (مونا قەهوەچی) بۆ ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "رۆڵی سەرۆكی هەرێم لە بەرەكانی جەنگدا بەرز دەنرخێنین، چونكە ئەگەر ئەو لە بەرەكانی شەڕ نەبووایە، ڕەنگە ڕەوشەكە بە شێوەیەكی دیكە بووایە، بە ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی)ـیش لە بەرەكانی جەنگ، خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر متمانەیان بە خۆیان دەبێت و بە هیچ شێوەیەك بیر لەوە ناكەنەوە رۆژێك لە رۆژان تیرۆریستان بێنە پێشەوە".
(قەهوەچی) دەڵێت: "ئێمە وەك توركمانەكان، بە تایبەتی حزبی چاكسازیی پێشكەوتووی توركمان، سوپایەكمان ناوێت لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵكە دەمانەوێت لە ژێر فەرمانەكانی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت،  هەر سوپایەك لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ توركمانەكان دروست بكرێت، بە هیچ شێوەیەك دانی پێدا نانێین و بە نوێنەری خۆیشمانی نازانین، چونكە ئەوانەی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا سوپا دروست دەكەن، تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئەو كارە دەكەن و سوود بە توركمانەكان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان ناگەیەنن، ئێمە لەم كاتەدا پێویستە زیاتر لە یەكدی نزیك بینەوە بۆ ئەوەی پێكەوە خزمەتی كوردستان بكەین، نەك دژی یەك بوەستینەوە. وەك توركمانەكانیش شانازی بە پێشمەرگەوە دەكەین و ڕۆڵی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین، لە سایەی پێشمەرگە قارەمانانەكاندا تا ئێستا كوردستان بە ئارامی ماوەتەوە، دەبێت لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە زیاتر هاوكاریی پێشمەرگە بكرێت".

رابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار