٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ شامۆ: دوو قوربانیی دەستی داعشمان بۆ یەكیەتیی ئەورووپا ناردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری ئێزدییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "كەیسی ئێزدییەكان دەكرێتە نێودەوڵەتی و، بۆ هێناوەی بەڵگەیش دوو كچی قوربانیی دەستی داعشمان بۆ یەكیەتیی ئەورووپا ناردووە".

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەری ئێزدییەكان لە پەرلەمان (شێخ شامۆ) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێش دوو مانگ شاندێكی یەكیەتیی ئەورووپا بە شێوەی جیاجیا سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لەگەڵ ئێمەیشدا كۆ بوونەوە، بە تایبەتی لەگەڵ نوێنەری ئێزدییەكان كە من سەرپەرشتیی ئەو گفتوگۆیانەم دەكرد، هەڵبەت سەرجەم چیرۆكی ئەو ئێزدیانەم گێڕایەوە كە بە هۆی داعشەوە تووشی كارەساتی مرۆیی بوون".

(شامۆ) گوتیشی: "نوێنەری پەرلەمانی ئەورووپا پرسیاریان كرد كە ئەگەر دەتوانن دوو كچی ئێزدی وەك شایەت بنێرنە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ ئێوە و بۆ ئێمەیش باشە، بۆیە پەیوەندیان لەگەڵ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر ئاژگەیی) كرد كە ئامادەكاری بۆ ناردنی دوو كچی ئێزدی وەك شایەت بكرێت كە لەناو ڕووداوەكەدا ‌بوون، بۆیە ئێمە ئەم ئامادە كارییەمان كردووە و ئەو دووكچەمان ڕەوانە كردوون، كە ئەمە گەورەترین بەڵگەیە و لە پەرلەمانی ئەوروپادا دوو كچ چیرۆكی راستەقینەی خۆیان دەگێڕنەوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "بە ‌چوونی ئەم دوو كچە بۆ بەردەم پەرلەمانی ئەورووپا، زۆر شت ڕوون دەبێتەوە، چونكە دنیای ئێستا دنیای جاران نییە و بە بەڵگە كەیسی ئێزدییەكان دەجوڵێنرێت بەنێودەوڵەتی دەكرێت، ئەم بابەتەیش، لە دادگای لاهای بابەتێكی گەرمە و دەبێت پەرلەمانی ئەورووپا پشگیریمان بكەن تا ئەم كارەساتە بكرێتە نێودەوڵەتی".

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار