٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ جەعفەر: پێشمەرگە ناچێتە حەویجەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)‌ دەڵێت، پێشمەرگە ناچێتە حەویجە و، لە كەركووكیش سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە، چونكە پێشڕەوی و سەركەوتنەكان بە ‌بەرنامە بوون، بۆیە توانیویەتی سەرجەم ئەو هەڕەشانەی لەسەر شارەكە و خەڵكی كەركووك و بیرەنەوت و گازی كەركووك بوون، بە تەواوی بڕەوێنێتەوە.

‌ ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموركاتی كوردستانی رایگەیاند: "سەرجەم بەرنامە و پلانەكانی جەنگ لە میخوەری كەركووك بە بێ كەموكورتی سەركەوتوو بوون و هەندێك شوێنی دیكە لە ‌بەرنامەیشدا نەبووە، بەڵام پێشمەرگە توانیویەتی زیاتر پێشڕەوی بكات، ئەوەیش بۆ زیاتر پارێزگاریكردنە لە شارەكە و پەیامێكیشە بۆ داعش، لە كاتێكدا پێشمەرگە مەترسی لەسەر ڕێگای كەركووك- بەغدا دوور خستەوە، ئەوەیش بە ئازادكردنەوەی هەرسێ گوندی خالید، وەحدە و سەعدە، لەكاتێكدا گوندی "تەل موخار" لە بەرنامەیشدا نەبوو، بەڵام توانراوە ئازاد بكرێتەوە كە شوێنێكی ستراتیژییە".

گوتیشی: "ئێستا دەتوانین بڵێن پێشمەرگە بە ستراتیژییەتێكی بەهێزەوە لە باشوور و ڕۆژئاوای كەركووكەوە لە پێشڕەویدایە، ئەمەیش لەبەر ئەوەی كە پێشمەرگە هێزێكی خاوەنی باوەڕ و یەكگرتوو و فەرمی و دامەزراوەییە، خاوەنی بڕیارە و لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، چونكە ئەو هاوكارییەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەكرێت، هۆكاری بەرەوپێشچوونی پێشمەرگەیە، ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگەدا دەكرێت".

(شێخ جەعفەر) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو: "پێشمەرگە ناچێتە حەویجە، چونكە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، بۆیە هیچ بەرنامەیەكمان نییە پێشڕەوی بۆ ناو ئەو شارە بكەین، ئێمە دەمانەوێت شەڕ لە دەوروبەری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دوور بخەینەوە و كەسیش داوای نەكردووە تا لە ئازادكردنەوەی حەویجەدا بەشدار بین".

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار