٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەبێ بەشداری پێشمەرگە مووسڵ ئازاد ناکرێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، ئەو سەربازگانەی بۆ هێزە ڕزگاركەرەکانی مووسڵی دروست دەکەن، لیژنەی 'ئەمنی‌وبەرگری'ـیەکەی ئەنجوومەنی شاری مووسڵ سەرپەرشتییان دەكات و، هەر هێزێكی تریش بەبێ‌ ڕەزامەندی ئەوان ڕەت دەكرێتەوە ..دەشڵێت، بەبێ بەشداری هێزی پێشمەرگە مووسڵ رزگار ناکرێت.

(هاشم بریفكانی) ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ و، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی‌وبەرگری بە وەكالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەكو لیژنەی ئەمنی‌وبەرگری سەرپەرشتیی دوو سەربازگەی تایبەت بە شاری مووسڵ دەكەین و، پشتیوانیەكی تەواویان لێ‌ دەكەین كە یەكێكیان لە 'دووبەردان'ـدایە، 6500 پۆلیس دەرچوونە بۆ ئەوەی ببنە هێزێكی شەڕكەر و، ئەویتریش لە شارەدێی 'زێلكان'ـدایە کە نزیكەی 5هەزار كەس لەوێ ناویان تۆمار کراوە؛ هەڵبەت بەبێ پرسی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەر هێزێكی تر لە سنووری پارێزگای مووسڵدا دابمەزرێت ناڕەوایە و، ددانی پێدا ناهێنین، لەوانە حەشدی‌شەعبی".
(هاشم بریفكانی) گوتیشی: "حكوومەتی ناوەند بە گوێرەی پێویست پشتمان ناگرێت؛ نابێ حكوومەتی ناوەندی هەر پشت بە پۆلیس و خەڵکە شەڕکەرەکەی شاری مووسڵ ببەسێت بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ؛ ڕاستە ئێمە لەو دوو سەربازگەیەدا نزیكەی 10هەزار كەسمان هەیە، بەڵام ڕزگاركردنی مووسڵ بیست ٢٥هەزار چەكداری پێویستە." .
بریفكانی دەبارەی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەیش گوتی: "ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەش وەكو دەبینین ڕۆڵێكی بەرزە؛ بە ڕای ئێمە ئەگەر هێزی پێشمەرگە بەشدار نەبیت ئەوا شەڕی ئازادكردنی مووسڵ سەر ناگرێت؛ هەڵبەت ئێمە دەمانەوێت هێزی پێشمەرگە هەر وەکو پاڵپشت بەشدار ببێت؛ ئاخر نامانەوێت تاکە پێشمەرگەیەكیش بریندار ببیت لە ڕزگاركردنی شاری مووسڵدا، بەڵام سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان خۆی باشتری لێ دەزانێت ".
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار