کارگەی غازی سنوونێ کەوتەوە کار
سنونێ-KDP.info-شارۆچكەوانی شنگال ڕایگەیاند کە، ئەمرۆ كارگەی غازی سنوونێ كەوتەوەكار و رێژەیەكی باش لەخەڵكی گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و موڵكی خۆیان .
( مەیسەرحەجی ساڵح ) شارۆچکەوانی شنگال بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند:"لەدوای ئازادكردنی شارەدێی سنوونێ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ئەمڕۆ بەهاوكاری پارێزگاری دهۆك كارگەی غازی سنوونی کرایەوە و دەستی بەكارەكانی كرد لەبەر ئەوەی خەڵكی رۆژانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و موڵكی خۆیان و پێویستیان پێ دەبوو لە شاری دهۆك بۆمان دەهات، بەڵام ئێستا لەلای خۆمان دەستدەكەوێت، بەنزینیش لەدهۆكەوە بۆمان دابینكراوە بە نرخێكی گونجاو.
(مەیسەرحەجی) گوتیشی، " بەكاركەوتنەوەی ئەو جۆرە كارگانە لەسنوورەكەمان هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ گەڕانەوەی زیاتری خەڵكی و ئێستا رێژەیەكی باش گەڕاونەتەوە سەرماڵ و موڵكی خۆیان ، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت خەڵكی زۆرتریش بگەڕێنەوە لەرۆژانی داهاتوویشدا بەهۆی باشتر بوونی ڕەوشی كەش وهەواو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری لە سنوورەكەمان بە بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكان .
نەشوان بەرزنجی




