بارییەکی بۆمبڕێژکراو بە تیرۆریستانی داعشدا تەقییەوە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیێنگەی لقی چواردە (مووسڵ)ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان (سەعید مەموزینی) ئاشکرای کرد، تیرۆریستانی داعش باری (ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر)ێکیان بۆمبڕێژ کردبوو گوایە بە ھێزی پێشمەرگەیدا بتەقێننەوە، بەڵام بە خۆیاندا تەقییەوە و، کابرای خۆکوژ و، شەش تیرۆریستی دیکەیشیان لێ کوژرا.
(سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەم دوانیوەڕۆیە تیرۆریستانی داعش لە گوندی بازوایە لەڕۆژھەڵاتی مووسڵدا بارییەکی بۆمبڕێژکراویان ئامادەکردبوو بە سەنگەرەکانی بەرەجەنگی خازری پێشمەرگەدا بیتەقێننەوە، بەڵام بە خۆیاندا تەقییەوە و، لە ئاکامدا خۆکوژەکە و شەش تیرۆریستی دیکەیش کوژران و، پێنج خانوویش ڕووخان.
(سەعید مەموزینی) گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە گوندی شێخەمیر لە ڕۆژھەڵاتی مووسڵدا ١٢ ماڵە کوردی شەبەکی دیکەیان تەقاندەوە؛ خاوەن ماڵەکان لە ترسی داعشدا، بە خاوخێزانەوە ھەڵاتوونە.
بڵند ئیبراھیم




