٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دانوستانی ھەرێم و بەغدا دەست پێدەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بڕیار دراوە کە دووبارە گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی ڕێککەوتنی نێوانیان دەست پێ بکات؛ تا چەند ڕۆژی دی شاندێکی حکوومەتی ھەرێمیش سەردانی بەغدا دەکات.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەردەڵان  نوورەدینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ڕابردووی نێوان سەرفراکسیۆنەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیار درا کە شاندێکی حکوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات، یاخود سەرەشاندێکی بەغدا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لەبارەی کێشەکانی نێوانیان بگەنە ڕێککەوتن؛ ئیتر ئەوە بوو ڕەنگە تا چەند ڕۆژی دیکە شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات."
(ئەردەڵان  نوورەدینی) گوتیشی، ھەرێم و بەغدا ھەردوو لایان باس لەوە دەکەن پابەندن بە ڕێککەوتنەکەی نێوانیانەوە و، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەم نزیکانە بڕە پارەیەکی دیکەیش بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیار نییە و، ھەرێمی کوردستانیش پێویستی پێ ھەیە، بۆیە چەندە زوو ڕەوانەی بکات ھەر کەمە.
(نوورەدینی) باسی لەوەش کرد، کە وەزیری داراییش گوتوویەتی کە پارەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات و، ئەگەر پێ نەکرا، دەست لەکار دەکێشێتەوە.
ئەوەیشی خستە ڕوو، مادامەکینێ گفتوگۆ دەست پێدەکاتەوە، جارێ دەشێ گەشبین بین.
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار