٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: داوا لە هاوپەیمانان دەکەین لە ناردنی چەک بۆ هەرێم بەردەوام بن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (فازڵ میرانی) سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازی سەرکونسووڵی بەریتانیادا ڕایگەیاند کە، داوایان لە هاوپەیمانانە لە ناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن، بە تایبەت چەکی دژەتانک و زرێپۆش و دۆزەرەوەی تەقەمەنی؛ سەرکونسووڵی بەریتانیایش ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ئامادەبوون و سەرپەرشتیکردنی شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا ئەنگوس مەککی کرد.
لە دانیشتنەکەدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی پێوەندییەکان میرانی بەخێرهاتنی کونسوڵی بەریتانیای کرد و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک کونسووڵی نوێی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کرا؛ میرانی پاشان ڕۆشناییی خستە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و، عێراق کە تووشی شەڕێکی سەپێندرا لە دژی تیرۆریستانی داعش بووە و، ڕۆژانە بۆ بەرگری لە ئەمن و ئاساییش و، سەرقامگیری ئەم دەڤەرە بە هەموو پێکهاتەکانەوە پێشمەرگە شەهید دەبێت لە پێناو بەرگری لە پرەنسیپی ئاسایش و دیموکراسیدا.
میرانی ئاماژەیشی کرد کە، کە پێوەندی باشی نێوان هەرێم و عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەهێزێکی زیاتر دژی تیرۆریستانی داعش شەڕ بکەین و هەرێمی کوردستان عێراق لەم ئاڵۆزییە بپارێزین و  لە بەرژەوەندی هەردوو لادایە.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی سوپاسگوزاری خۆی ئاراستەی حکوومەتی بەریتانیا کرد کە هاوکاری سەربازی هەریمی کردووە، بە تایبەت لە بواری مەشقدادانی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕۆڵێکی کاریگەریان لە نێو هاوپەیمانیەتییە نێودەوڵەتییەکەدا گێڕاوە.
سەرکونسووڵی بەریتانیایش ڕۆڵی سەرۆک 'بارزانی'ـی بەرز نرخاند لە ئامادەبوون و سەرپەرشتیکردنی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا.
سەرکونسووڵ سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەم پێشوازییە و هاوکارییەی کە بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کردووە کە کارێکی مرۆڤانەی یەکجار گەوەری لە ئاستی جیهاندا کردووە، سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە چەندین مانگە بووەتە گرفت.
دواتر میرانی داوای لە هاوپەیمانان کرد کە لەناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن بە تایبەت چەکی دژی تانک و زرێپۆش و ئامێری دۆزینەوەی تەقەمەنی.

 

هەواڵی پەیوەندیدار