٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكهۆزی شەرابین: سەرۆك بارزانی دڵنیایی پێ داین.. هەر كەسێك لەگەڵ داعشدا بووبێت جێگەی نابێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

زوممار-KDP.info-  سەرۆكهۆزی شەرابین لە زوممار ڕایگەیاند، كۆبوونەوەیان لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)ـدا دڵنیایی و ئومێدی پێ بەخشیون و لەگەڵ گوتەكانی سەرۆكیشدا هاوڕان. دەشڵێت: "پێشمەرگەمان خۆش دەوێت و لەگەڵ ئەوەشداین هەر كەسێك هاوكاریی تیرۆریستانی كردووە، مامەڵەی داعشی لەگەڵدا بكرێت".

سەرۆكهۆزی شەرابین لە سنووری زوممار (عەبدولعەزیز زاهیر محەممەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) بە گوتەكانی زۆر دڵخۆش بووین و دڵنیایی بە ‌ئێمە دا و ئومێدمان پێی هەیە، هەموومان ئەو كێشانەی هەمانبوون باسمان كردن و بە خۆشحاڵییەوە (سەرۆك بارزانی) پێشوازیی لێ كردن".
(عەبدولعەزیز زاهیر) گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ گوتەكانی (سەرۆك بارزانی)ـداین كە ئەوانەی چوونەتە ناو تیرۆریستانی داعش یانیش هاوكارییان كردوون، جارێكی دیكە جێگایان لەو ناوچەیە نابێتەوە، هەر كەسێك یارمەتیی ئەو تیرۆریستانەی دابێت، وەكو داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".
سەرۆكهۆزی شەرابین لە سنووری زوممار زیاتر گوتی: "ئێمە پێشمەرگەمان خۆش دەوێت، چونكە پارێزەرمانە و ئەو ئارامییەی ئێستا ئێمە تێیداین، بەرهەمی شەونخوونی و گیانفیدایی ئەوانە و هیچ جیاوازییەك لە نێوان هیچ پێكهاتەیەكدا لەو سنوورە ناكەن، بۆیە هیچ هێزێكی دیكە قبووڵ ناكەین لە سنوورەكەمان، ئێمەیش لەگەڵ ئەوەداین ببین بە پێشمەرگە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
(سەرۆك بارزانی) رۆژی یەكشەممە 15-3 ـی ڕابرد لەگەڵ سەرۆكهۆز و كەسایەتییەكانی ناوچەكانی رۆژئاوای دیجلە كۆ بووەوە و جەختی لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان كورد و عەرەب كردەوە و ڕایگەیاند، ڕەوا نییە رێ بە ستەمكاران و ناحەزان بدرێت، شەڕ و ناكۆكیی داعش بكەنە ناكۆكیی نێوان ئەو دوو گەلەی كە دەمێكە پێكەوە دەژین.
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار