عەزیز وەیسی: تیرۆریستان 3 جار گازی كلۆریان دژ بە پێشمەرگە بەكار هێناوە

هەولێر-KDP.info- لە ماڵپەڕی (زە ئەسۆشێیتد پرێس) راپۆرتێك بڵاو كراوەتەوە و تێیدا سەرچاوە سەربازییەكانی كوردستان گەواهییان داوە بەوەی كە، داعش سێ جار گازی كلۆری لە دژی هێزی پێشمەرگە بەكار هێناوە.
فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لیوا (عەزیز وەیسی)، پێوەست بە بەكارهێنانی گازی كلۆر دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی (زە ئەسۆشێیتد پرێس) دەڵێت: "هێزەكانمان كیمیاییان بەرانبەر بەكار هاتووە، تیرۆریستان لە هێرشێكی مانگی 12ـدا لە ناوچەی شنگال كلۆریشیان بەكار هێناوە، دوانەكەی دیكەیش لە مانگی یەك و لە رۆئاوای مووسڵ بوون كە یەكێكیان لە 23ـی مانگی یەك بوو".
هەروەها لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە كە سەرچاوە كوردییەكان وێنەی دوای هێرشێكیان پێشكەش كرد، كە ئەوەی نیشان دەدا پێشمەرگەكان دەكۆكین و ئاو بەسەریاندا دەهاتە خوارێ، ئەمەیش لە دوای هێرشێكی بارهەڵگری خۆكوژی كە گوتیان بووەتە هۆی برینداربوونی 60 پێشمەرگە.
(نەقیب محەممەد سێوەددین)ـیش كە سەرپەرشتیی یەكەیەكی سەربازی دەكرد و ببوونە ئامانجی هێرشەكە لە مانگی 12ـدا، وەهای بە ماڵپەرەکە گوت: "دەستەسڕێكم لەسەر دەم و چاوم دانا، چونكە گازەكەم بینی و هەستم پێ كرد، شتەكە زۆر لە (چەكی كیمیایی) دەچوو و بە پێشمەرگەكانیشم گوت كە هەمان شت بكەن".
(سێوەددین) هەروەها دەڵێ، دوای هێرشەكە بۆ ماوەی شەش سەعات هەستی بینینی لە دەست داوە و خوێن لە چاوەكانی هاتووە.
و/ خەسرەو زێرنجۆی




