٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتی‌ خەریکە دێتە ژێر بار.. پارتی بە قایمقام یان سەرۆكی ئەنجوومەن ڕازییە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەسەر پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دەدەن و پێدەچێت یەكێتیی نشتیمانیی كوردستانیش نەرمی بنوێنێت.

بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، یەكێتیی نشتیمانی كوردستان بە جۆرێك لە ‌جۆرەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نەرمیی نواندووە، بۆیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت و لەو كۆبوونەوەیەیشدا بۆیان دەردەكەوێت یەكێتیی نشتیمانی كوردستان بە چ شێوازێك نەرمی دەنوێنێت.

بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان جەختیشی كردەوە، ئەوان داوای پۆستی قایمقامی هەڵەبجە یاخود سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگایان كردووە و یەكێتیی نشتیمانییش هەر كام لەو پۆستانەیان پێ بدات، كێشەیان نییە و ئامادەن وەریبگرن.

جێی ئاماژەیە، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(قوباد تاڵەبانی)، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا کە دوێنێ دووشەممە ساز درا، گوتی، پاش هه‌وڵدانی شه‌هیدكردنی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هید نه‌كرا، به ‌چاوی خۆتان بیبینن هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ پارێزگایه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ ئاوه‌دانه‌ و، ئاوه‌دانتریش ده‌كرێته‌وه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ نموونه‌ی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌.
جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت داوایشی له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد كه‌ به ‌زووترین كات له‌سه‌ر پۆسته‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ رێك‌بكه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی باشترین خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ بگه‌یه‌نن.
پێدەچێت ئەم داوایەی (قوباد تاڵەبانی) ئاماژەیەک بێ بۆ نەرمینواندنی یەکێتیی نیشتیمانی تا بەر لە جەژنی نەورۆز لە پێدانی پشکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەو شارەدا، پێکهێنانی ئیدارەی پێنجەم پارێزگا ڕابگەیەنرێ.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش كەوتوون، پێدەچیت كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان پێش جەژنی نەورۆز بەڕێوە بچێت و وەك جەژنانەیەك پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ڕابگەیەنن، ئەوەش لە كاتێكدایە كە لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە تا ئێستا 14 جار بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان كۆ بوونەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە لەبارەی دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانەوە بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.

ئاسۆ عەلی

هەواڵی پەیوەندیدار