٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: بیركردنەوە لە تۆڵە ڕەوشەكە ئاڵۆزتر دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە ماڵپەڕی (بی‌بی‌سی)ـدا ڕاپۆرتێك لەسەر چاوپێكەوتنەكەی (مەسروور بارزانی) لەگەڵ ئەو كەناڵەدا بڵاو كراوەتەوە و تێیدا هاتووە، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) بە بایەخ و نیگەرانییەوە دەڕوانێتە زیادبوونی میلیشیا میللییە شیعەكان. پێیشی وایە كە گرفتی گەورەتر لە داعش دەخوڵقێنن، ئەویش بە دروستكردنی گرژی و بیركردنەوە لە تۆڵە لەگەڵ سوننەكانی ناوچەكەدا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی (بی‌بی‌سی) نزیكەی (٢٠٠٠٠) چەكداری میلیشیا شیعەكان و، (٣٠٠٠) سەربازی عێراقی بەشداریی شەڕی تكریت دەكەن، ئەوە گەورەترین شەڕە كە تا ئێستا حكوومەتی عێراق دەیكات، عێراق گرتنەوەی تكریتی زۆر مەبەستە و دەیەوێت وەكو هەنگاوێكی بنەڕەتی و بەردێكی گەورە نیشانی داعش بدات و، لەوێوە هەنگاو بۆ ناوچەكانی دیكەی ژێر دەستی داعشیش بنێت.

هەروەها لە چاوپێكەوتنەكەدا (مەسروور بارزانی) بە توندی ڕەخنەی لە حكوومەتی بەغدا گرتووە، بە كۆكردنەوەی میلیشیا شیعەكان و بەكارهێنانیان لە شەڕی تكریتدا لە كاتێكدا كە زۆرینەی دانیشتووانی ئەوێ سوننەن، ڕەخنەكەی (مەسروور بارزانی) لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە بڕوای وایە: "ئەوە دەبێتە هۆی دروستكردنی گرفتێكی گەورەتر لە داعش، پێویستە هەموومان پێكەوە شەڕی داعش بكەین، بەڵام ئەگەر تۆڵەسەندنەوە لە نێوان سێكتەر، ئایین و، نەتەوە جیاوازەكاندا ڕوو بدات، ئەوا دەبێتە هۆی زۆر زیاتر ئاڵۆزتركردنی دۆخی ناوچەكە".

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە میلیشیا شیعەكان بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەریان داوە كە لەوێ داعش ئەنجامی داوە و نزیكەی (٧٠٠) سەربازیان كوشتووە كە زۆربەیشیان شیعە بوون.

سەبارەت بە بڕینی قوتی خەڵكی هەرێم و پێشمەرگە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، (مەسروور بارزانی) بە ئاشكرا نیگەران و توڕە بووە كە حكوومەتی عێراق مووچەی میلیشیا شیعەكان و ناوچەكانی ژێردەستی داعش دەدات و بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگرتووە.

(مەسروور بارزانی) گوتی: "ئەوان پارە و مووچەی مووسڵ، ئەنبار و ناوچەكانی تری ژێر دەستی داعش دەدەن، ئەی بۆچی مووچە و بودجەی كوردستان نادەن، ئایا كێمان هاوپەیمانین؟ ئێمە شەڕی دوژمنێكی هاوبەش دەكەین، ئاخر چۆن دەبێت پشتگیریێكی شیاو و دروستیشمان لەگەڵدا نەكرێت".

و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار