کوردەکان باشترین هاوڕێی باوەڕپێکراوی ئەمەریکان.. پێویستە یارمەتییان بدرێت

هەولێر-KDP.info- ماڵپەری (زە نیۆرک تایمزی ئەمەریکایی-the new york times) توێژینەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە (سکۆت ئاتران) و (دۆگلاس ستۆن) ئامادەیان کردووە و دەڵێن، کوردەکان باشترین هاوڕێی باوەڕپێکراوی ئەمەریکان لەسەر زەوی، کە دەبێت مامەڵەی باشیان لەگەڵدا بکرێت. لەسەر ئازایەتیی پیشمەرگەیش ئاماژە دەدەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێویستە لە سەرکەوتندا یارمەتییان بدەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی مەیدانی کە (سکۆت ئاتران) مرۆڤناس و خاوەن کتێبی Talking to the Enemy: Faith، Brotherhood، and the (Un)Making of Terrorists.” و (دۆگلاس ستۆن) لیوای خانەنشینکراو لە سوپای مارینزی ئەمەریکا و ڕاویژکاری سەربازیی پێشووی هێزە فرەنەتەوەکان لە عێراق، لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا لەسەر ئازایەتیی پێشمەرگە کە لە هەریمی کوردستان و بۆ (the new york times) ئامادەیان کردووە، دەڵێن، تیرۆریستانی داعش بەرەوپێش چوونیان کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا میلیشیای شیعە بە هاوکاریی ئێرانییەکان شەڕی داعش دەکەن، کوردەکان 640 میل سەنگەریان لەگەڵ داعشدا هەیە. خۆڕاگریی کوردەکان پێویستە دەستبەجێ لە لایەن ئەمەریکاوە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت لە هاوپەیمانەتی و سوودگەیاندن بە هەرێمەکە، هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ کورد، ئەو کوردەی کە هەندێک جار بە گەورەترین نەتەوەی بێوڵات لە جیهاندا پێناسە دەکرێت.
(سکۆت ئاتران) و (دۆگلاس ستۆن) دەڵێن: "ئێمە لەم توێژینەوەدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە کوردەکان ئەو هیوایە دەسەلمێنن کە شەڕی داعشیان پێ دەکرێت. وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایش پێویستە یارمەتییان بدەن لە سەرکەوتندا. ئەمەریکا دەبێ یارمەتیی کورد بدات لە گۆڕینی ئازایەتییان بۆ توانایەکی ڕاستەقینە بۆ بەزاندنی داعش. کوردەکان باشترین هاوڕێی باوەڕپێکراوی ئەمەریکان لەسەر زەوی، کە دەبێت مامەڵەی زۆر باشیان لەگەڵدا بکرێت".
ئامادەکارانی ئەو راپۆرتە ڕوونیشیان کردووەتەوە، لە شەوی 30ـی مانگی یەک، داعش هەلی قۆستەوە و لە کەشوهەوای تەمومژاویدا هێرشی کردە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە نزیک شارۆچکەی مەخموور و حەوت پێشمەرگە شەهید بوون. هاوڕێکانیان گوتیان ئەگەر ئەوان چاویلکەی شەوییان هەبووایە، ئەوا هەموویان دەژیان. کاتێک دانەیەکی بچووکی خۆمانمان بە دیاری پێ دان، کە دەتوانرا جموجۆڵی داعش لە دووری یەک میلدا ببینن، زۆر سوپاسی ئێمەیان کرد، ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت کە پێشمەرگە کەلوپەلی سەربازیی پێویستیان نییە".
و/خەسرەو زێرینجۆیی




