سیهەزار کەس گەڕاونەتەوە کۆبانی

کۆبانی-KDP.info- وا هەر لە بەرێکەوە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ شاری کۆبانی؛ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەش لە کۆبانی دەڵێ، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە کۆبانی.
عەمید (تەلعەت زراری) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ کۆبانی و، گوندەکانی دەوروبەری بەردەوامە و، ھەموو حەفتەیەک سێ کاروان دەگەڕێنەوە، ئەمڕۆیش کاروانێکی دیکە کەڕانەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی ڕوونیشی کردەوە، زیاتر خەڵکی گوندەکان دەگەڕێنەوە تا خەڵکی کۆبانی خۆی، ئاخر کۆبانی داری بەسەر بەردەوە نەماوە."
عەمید (تەلعەت زراری) ڕوونیشی کردەوە، وا کۆبانێ وردەوردە پاک دەکرێتەوە و، زۆرینەی شەقامەکانی کۆبانێیان پاک کردووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پاکەوان و پاکەوانک (ئامێری پاککردنەوە) کەمە، کارەکە بەم زوو تەواو نابێت.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لەکۆبانی ڕایشیگەیاند، لەوە نەبێ بە حیساب تۆزێ خۆراکیان ناردووە بۆ ئاوارەکان، خێرخوازان وەکو پێویست نەچوونەتە دەمیانەوە؛ هەڵبەت ئەگەر وڵاتێکی بیانی یاخود عەرەبی بووایە، ڕێکخراوە خێرخوازییەکان گورجێ بە لێشاو دەچوونە دەمیانەوە! جا خۆراکەکەیش هێشتا دابەش نەکراوە!
بڵند ئیبراھیم




