کوردانی شەبەک دەچنە بەرەی جەنگەوە

مووسڵ-KDP.info- (مەلا سالم شەبەک) نوێنەری کۆتای شەبەک لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، فەوجێکی کوردانی شەبەک مەشق و ڕاھێنانیان تەواو کردووە و، بڕیارە تا چەند ڕۆژی دی فەوجێکی دیکە دەست بە مەشق و راھێنان بکەن..هاوکات (سالم جومعە) سەرۆكی دەستەی شەبەك ڕایگەیاند، کوردانی شەبەک دەچنە بەرەی جەنگەوە.
(مەلا سالم شەبەک) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هێزێکی ٦٥٠نەفەرەی کوردانی شەبەک، مەشق و ڕاھێنانیان تەواو کرد و، ماوەی ١٠ ڕۆژ دەچنە پشوو؛ پاش ئەو دە ڕۆژە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدا دەچن بۆ شەڕ."
(مەلا سالم شەبەک) گوتیشی، بڕیارە تا چەند ڕۆژی دی، فەوجێکی دیکە دەست بە مەشق و ڕاھێنان بکەن؛ ھەموو ئامادەکارییەکیان بۆ کراوە و، ھێزەکەیش ئامادەیە، بەم هێزەوە، کوردانی شەبەک دەبنە خاوەن دوو فەوج.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئەو ھێزانە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن و، لەوێوە فەرمان وەردەگرن.
لای خۆیشەوە (سالم جومعە) سەرۆكی دەستەی شەبەك بو ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەو هێزە ٦٥٠کەسییەی شەبەك كە لەسەر فەرمانی سەرۆكی هەرێم و، سەرۆكی حكوومەت دامەزرابوو، دوای مانگێك مەشق و ڕاهێنان لە باپشتیا لە شارۆچكەی سۆران، 12ـی ئەم مانگە ڕاهێنانەكەیان تەواو بوو، ئێستا چاوەڕوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن بۆ ئەوەی ناوچەیەكیان پێ بسپێرێت و، لەوێوە بەرگری لە خاك و نیشتمان بكەن."
گوتیشی: "بەم نزیکانە ٦٥٥ شەبەکی دیکەیش دەکرێنە هێزێک و، دەیاننێرینە بەر مەشق؛ پاشان ڕەوانەی ناوچە سنوورییەكانی كوردستان دەكرێن ئەوەی بەرگری لە خاكی خۆیان بكەن."
(سالم جومعە) ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو ماوەیە زۆر خێزانە كوردی مووسڵی لە دەستی چەكدارانی داعش ڕزگاریان بووە؛ زۆری لەو خێزانە کوردانە شەبەكن.
بڵند ئیبراھیم-ڕابین شێروانی




