٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە لە مەخموورەوە، گورزێکی دیکەی لە داعش وەشاند

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info-عەمید (سەردار مورتكە) جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر دەڵێت، دوێشەو فڕۆكە جەنگییەكان چەند مۆڵگە و، جبەخانەیەکی داعشیان لە دەڤەری قەراجدا کوتاوە؛ لەو بۆردومانەدا داعشێکی زۆر كوژراون و، چەندەها ترۆمبێلیشیان لێ سووتاوە.
عەمید (سەردار مورتكە) جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر وای بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستان گوت: "دوێنێشەو 15/3/2015، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان مۆڵگەكانی تیرۆرستانی داعشیان لە دێی 'حەتێرە' و 'قەبری‌سەید' و دینگاوە' و، 'چواربەردە'ی قەراجی شارۆچکەی مەخمووردا بۆردومان كردووە؛ تیرۆریستیانی داعش زۆریان لێ كوژراوە و، برینداریشیان زۆرە؛ بێجگە لەوەی چەند ترۆمبیلێکیشیان لێ سووتاوە و، چەند مۆڵگەیەکیشیان لێ کاول بووە."
عەمید (سەردار مورتكە) ئاماژەیشی دا كە "دوانیوەڕۆی دوێنیش لە میحوەری مەخموورەوە هێزی پێشمەرگە بە تۆپ بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستانیان کوتاوە."
جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر ڕایشیگەیاند میحوەری گوێڕ-مەخموور جارێ کڕە؛ پێشمەرگەیش بە ورەیەكی پۆڵایینەوە لە سەنگەردانە و، ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە جموجۆڵێكی تیرۆریستانی داعشن.
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار