بارزانییەكان بوونەوە بە هاوخەمی هەڵەبجەییەكان

هەڵەبجە-KDP.info-بەمەبەستی بەشداری لە پرسەی ٢٧ـەمین خەمیادی كیمیابارانی هەڵەبجە، شاندێكی كەسوكاری ئەنفالكراوانی بارزان و، شاندێکیش لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە گەیشتنە پارێزگای هەڵەبجە و، خۆیان کردە شەریکی خەمی خەڵکی هەڵەبجە.
ئەمڕۆ 27 ساڵ تێپەڕی بەسەر خەمیادەکەی كیمیابارانی هەڵەبجەدا؛ لەو مەرگەساتەدا زیاتر لە پێنجهەزار لاشەڕی بێتاوان شەهید بوون و، بە سەدانی دیكەیش بریندار بوون؛ ئەمڕۆ لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كودستاندا پرسەی ئەو خەمیادەیان گێڕا؛ لە دەڤەری بارزانیشەوە کۆمەڵە كەسوكارێکی ئەنفالكراوانی بارزان، چوونە پرسەکە و، بوون بە شەریکی خەمیان.
لوقمان عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی باڵای یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند بۆ خەمیادەکەی ئەمساڵی كیمیابارانی هەڵەبجە، هەڵەبجەییەكان خۆیان و كەسوكاری شەهیدان و ئیدارەی هەڵەبجە و ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، پرسەکەیان گێڕا.
گوتیشی هەرچەندە بۆ ئەمساڵ هیچ بیانییەک دەنگ نەکراوە بۆ پرسەی كیمیابارانی هەڵەبجە، بەڵام شاندێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوانی بارزانییەكان و، کۆمەڵێ لە خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان گەیاندە هەڵەبجە و، چوونە ٢٧ـەمین پرسەی كیمیابارانی هەڵەبجە.
ئەندامەكەی لیژنەی باڵای یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە جەختی لەوەیش كردەوە دووەم ڕۆژ و سێیەم ڕۆژی پرسەکەیش لە خورماڵ و بیارەدا دەبێت.
ئاسۆ عەلی




