تەرمی ٩٣ تیرۆریستی داعش گەڕایەوە پزیشکی دادوەری مووسڵ

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ پزیشکی دادوەری مووسڵ ٩٣ تەرمی تیرۆریستانی داعشی وەرگرتووە، کە لەشەڕی پارێزگای سەلاحەدین کوژراون.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت ڕەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ فەرمانگەی پزیشکی دادوەری مووسڵ ٩٣ تەرمی تیرۆریستانی ڕێکخراوی داعش بەناو دەوڵەتی ئیسلامی بۆ گەڕاوەتەوە، کە لەئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراون، کە ژمارەیەک لەوانە تیرۆریستی بیانین.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ سەرکردەیەکی تیرۆریستانی داعش بە ناوی (سەعدوڵا عەبدوڵا خەلەف) کە ناسراوە بە (ئەبوویونس) کوشتووە.
ڕایشیگەیاند: "تیرۆریستانی داعش ڕۆژنامەنووس وچاڵاکوانی مەدەنی (فازڵ حەدیدی)ـیان گوللەباران کرد و تەرمەکەیشیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کردووە لە مووسڵ، کە ئاسەوارێکی زۆری ئەشکەنجە بە لاشەیەوە دیار بوو و، ڕێگەیشیان نەدا کەسوکارەکەی پرسەی بۆ دانێن."
بڵند ئیبراھیم




