لە خورماتوو فەرمانبەرێك ڕەشکوژ کرا

خوماتوو-KDP.info-لەشارۆچكەی خورماتوو چەند چەكدارێکی نەناسراو دەسترێژی گوللەیان لە فەرمانبەرێكی فەرمانگەی ئاوی ناوچەكە كرد و، كوشتیان.
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو (ڕائید فارووق ئەحمەد) تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم پاشنیوەڕۆیە لە گەڕەكی سەربازی خورماتوو لە نزیك فەرمانگەیەكی ئاودا، چەند تیرۆریستێک دەسترێژی گوللەیان لە (محەمەد مرشد) کرد و کوشتیان؛ محەمەد کە عەرەبێکی سوننەمەزەبی ٤٢ ساڵان بوو، فەرمانبەری فەرمانگەی ئاو بووە."
ئەوەشی خستە ڕوو: لە مانگی 9ی 2014ەوە سنووری خورماتوو و دەوروبەری بە یەكجاری لە تیرۆریستانی داعش پاكکراونەتەوە و دوایان بڕاوەتەوە لەوێ کەچی ڕەشکوژیی لێ نابڕێت؛ حەفتەیەک دوو سێ ڕەشکوژیی لێ دەکرێت، بە تایبەت لە گەڕەکی عەسکەریدا."
دیارە زۆربەی ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج، عەرەب و توركمانی سوننەمەزەب بوونە؛ هەر لەبەر ئەوەیش، زۆر کەس ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی چەكدارە شیعەكان.
كاروان جاف




