داعش لە شنگال بەرگە ناگرێ؛ حەفسەدیان لێ کوژراوە

شنگال-KDP.info-دیارە ئەو ماوەیە، تیرۆریستانی داعش لە شنگال چەكدارێكی زۆریان لە كاتی پەلامار و هێرشەكانیان بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لێ كوژران، كە بە قسەی فەرماندە سەربازییەكانی ناوچەكە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 700 داعش كوژران و بە هەزارانیش بریندار بوون، ئێستا داعش لەناو شنگالدا بڕستی لێ بڕاوە و، بەردەوام لە پاشەكشەدایە.
فەرماندەی لیوای هەشت و بەرپرسی میحوەری شنگال (هاشم سیتەیی) بۆ ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: بۆ ماوەیەك دەبێت دۆخی شنگال تا ڕادەیەك ئارامبووەتەوە و ناو بەناو دەنگی تەقە لە ناو شنگال دەبیسترێت، ئەگەرنا هیچ شتێكی دیكە نیە.
گوتیشی: چەكدارانی داعش لە تەواوی هێرشەکانیاندا بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگە، گورزێكی كوشندەیان بەركەوتووە و چەكدارێكی زۆریان لێ كوژراوە، بۆیە ئێستا توانای هێرش و پەلەماردانیان نەماوە.
بەرپرسی میحوەری شنگال ئاشكراشی كرد، ورەی پێشمەرگە لە شنگال زۆر بەرزە و بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ تیرۆریستان لەحاڵەتی ئامادەباشی تەواو دایە و چاوەڕوانی ئەو كاتە دەكات كە بۆ ئازادكردنی شنگال دانراوە و لەماوەیەكی زۆر نزیكدا شنگال و ئەو ناوچانەی لە دەوروبەری شنگال ماون لە دەستی تیرۆریستان ئازاد دەكرێن".
رابین شێروانی




