دۆسکی: ئەگەر بەغدا گوێ نەداتە ڕێککەوتنەکە، هەولێر ڕێی لێ نەبڕاوە

هەولێر-KDP.info-(بەیار دۆسکی) ئەندامی لیژنەی 'سامانە سروشتیەکان'ـەکەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ئەگەر بەغدا مل نەداتە ڕێککەوتنەکە، حکوومەتی ھەرێم ڕێگە و پلانی دیکەی هەیە.
(بەیار دۆسکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەیەکی داوە بە بەغدا بزانێت بە ڕێککەوتنەکە پابەند دەبێت یاخود نا، ئەگەر پابەند نەبێت جارێکی دیکە کۆ دەبینەوە و، ھەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین و، ڕێگەی دیکە دەگرینە بەر.
(بەیار دۆسکی) گوتیشی، ھەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و، ئەگەر ئەوانیش بەردەوام لەوەی پابەند نابن بە رێککەوتنەکە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی زۆر باشی داناوە بۆ خۆی، بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە چارەسەر بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێک لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠١٥ لەگەڵ بەغدا ئیمزا کردووە، کە ڕۆژانە ٥٥٠ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکەن و، ئەوانیش لە بەرامبەردا ١٧%ی بوودجەی عێراق بدەن بە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ماوەی سێ مانگە ھەرێم نەوتی خۆی ڕادەستی بەغدا دەکات و، ئەوانیش جگە لەناردنی ٢٥٠ملیار دینار ھیچ بڕە پارەیەکی دیکەیان ڕەوانە نەکردووە.
بڵند ئیبراھیم




