بە رێككەوتن سەعدییە رادەستی میلیشیا شیعەكان كراوە.. خەڵكێکی کەم بۆی گەڕاونەتەوە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی دەڵێت، هێشتا نزیكەی ١٠٠ماڵێك گەڕاونەتەوە سەعدییە و ئەوانیش بۆ پێداویستیی رۆژانەیان دێنەوە خانەقین، چونكە هیچ خزمەتگوزاری و بازاڕێكی لێ نییە؛ خەڵكیش متمانەی بەهێزە عێراقییەكان نەماوە.
بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ئێستادا نزیكەی ١٠٠ماڵ بۆ سەعدییە گەڕاونەتەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و بازاڕ ئەو خەڵكە بۆ پێداویستیی رۆژانەیان دەچنە خانەقین، چونكە لە هەموو پێداویستییەك بێبەشن.
(شێخ جەعفەر) گوتیشی، خەڵك ترسیان هەیە بگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان، چونكە متمانەیان بە هێزە عێراقییەكان نییە، لەبەر ئەوەی پێشتر بە رێككەوتن سەعدییە رادەستی میلیشیا شیعەكان كراوە و ئێستایش لە دەست ئەواندایە.
بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی لەخانەقین راشیگەیاند: "لە ئێستادا خەڵك زۆر بە كەمی دەچنە ناو ریزەكانی حەشدی شەعبی و ئەوانەی كە چووشن، واز دەهێنن و لە دەوروبەری خانەقین زۆر كەمیان كردووە، چونكە شەڕەكە لە ئێمە دوور كەوتووەتەوە، لەبەر ئەوەی پێشتر خەڵك لەبەر نەداری دەچووە ناویان، ئێستا ئەوانیش ناچن، بەڵام هێزەكەی لای مەندەلی هەر ماون".
دەشڵێت، تاوەكو ئێستا هیچ قسە و باسێك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی جەلەولا لە ئارادا نییە، چونكە پێویستە ئامادەكاریی بۆ بكرێت و هیچ خزمەتگوزارییەكیشی لێ نیە و هەمووی تێك دراوە.
بڵند ئیبراهیم




