٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی ئومێدێكی زۆری لای هەڵەبجەییەكان دروست كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، ئەمساڵ شێوازی یادكردنەوەی كارەساتی هەڵەبجە جیاواز بوو لە ساڵانی دیكە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر بەپارێزگابوونی ئەو شارە كرد و لەلایەن پەرلەمان كوردستانیشەوە یاسای بۆ دەركرا. دەشڵێت، (سەرۆك بارزانی) ئەو بەڵێنەی لە چەند ساڵی رابردوودا بە هەڵەبجەییەكانی دا، بەجێی گەیاند و ئەمەیش ئومێدێكی زۆری لای تێكڕای هەڵەبجەییەكان دروست كردووە.

بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمساڵ هەر وەكو ساڵانی رابردوو لە یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بەشدارییەكی سەرتاپاگیرمان هەبوو، وەكو پارتی ئێمەیش لە جیاتی سەركردایەتیی حیزب بەشداریمان لەو یادەدا كرد، كە بەشدارییەكی كارا و كاریگەرمان هەبوو و هەیە، هەموو جەماوەرەكەیشمان لە یادی 27 ساڵەی كارەساتی هەڵەبجەدا بەشدار بوون".

(بەشارەتی) پێوەست بە یادكردنەوەی ئەمساڵی هەڵەبجە گوتی: "ئەمساڵ شێوازی یادكردنەوەكە جیاواز بوو لە ساڵانی دیكە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كرد و لەلایەن پەرلەمان كوردستانیشەوە یاسای بۆ دەركرا، هەرچەندە هەندێك گلەیی و گازەندە لەسەر دەستبەكارنەبوونی پارێزگار هەبوو، بەڵام لەوەیشدا بەرەوپێشچوونی باش بە دەست هاتووە لایەنە سیاسییەكانی ئەو شارە بۆ پێكهێنانی پارێزگای هەڵەبجە لێك نزیكن".
گوتیشی: "ئەوەی كە دڵی هەڵەبجەییەكانی خۆش كردووە و بەرگێكی نوێی بە بەر ئەو شارەدا كرد، بڕیاری بەپارێزگابوونی شارەكەیان بوو كە ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیار و بەڵێنەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بە هەڵەبجەییەكانی دا، ئەمە ئومێدێكی زۆری لەلای تێكڕای هەڵەبجەییەكان دروست كردووە".
بەرپرسی لقی 12ـی پارتی ئاماژەیشی دا: "من وەكو هەڵەبجەییەك سڵاو رێز و دەستخۆشی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت دەنێرم كە بە پەرۆشییەكی تەواو و دڵسۆزانە خەمیان لە بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خوارد، ئەوەیش ڕەنگدانەوەی لە تەواوی ئەو گوتارانەدا هەبوو كە خوێندرانەوە".
دەشڵێت: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئەو شارە لە كاتێكدا یادی 27 ساڵەی كارەستاكەی كردەوە كە بووەتە پارێزگا، ئەوەیش لە مێژووی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكاندا گرینگیی خۆی هەیە".

هەواڵی پەیوەندیدار