ئاشتی هەورامی: کورد دوو مانگی دیکە بێ منەت دەبێ

هەولێر-KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، تەنیا دوو مانگی تریان دەوێ تا نەوتی پێویست هەناردە بکەن و بفرۆشن و، دواتر بۆ دابینکردنی بوودجە لە بەغدا بێ منەت دەبن.
(ئاشتی هەورامی) بە رووداوی رایگەیاندووە، لە مانگی چوار یاخود لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە، هەرێمی کوردستان دەتوانێ بە نەوتی خۆی ئەو بوودجەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی داناوە کە 17%ـی بوودجەی گشتیی عێراقە، دابین بکات و تاوەکو کۆتایی ساڵیش دەتوانێ، بە زیادەوە دابینی بکات و پێویستی بە بەغدا نەبێ "کورد دوو مانگی دیکە بێ منەت دەبێ."
زیاتر لە جارێک خودی وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی 2015 لە توانایدا دەبێ لە رۆژێکدا ملیۆنێک بەرمیل نەوت بەرهەم بێنێ، بەڵام ئێستا وەرزێکی ساڵ رۆیشتووە و توانای بەرهەمهێنان نەگەیشتووەتە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت.
(ئاشتی هەورامی) دەڵێ "راستە، سێ ساڵ لەمەوبەر پلانی ئەوەمان دانابوو تاوەکو کۆتایی 2015 رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بێنین، بەڵام شەڕی داعش بووە هۆی ئەوەی ئەو پلانە سێ بۆ شەش مانگ دوا بکەوێ".
(هەورامی) هەروەها گوتی "دەتوانین تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنینە 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا".
وەزیری سامانە سروشتییەکان نایشارێتەوە کە لە مانگی "چوار یاخود لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێ بەنەوتی خۆی بەبێ بەغدا ئەو بوودجەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی داناوە کە 17%ـی بوودجەی گشتیی عێراقە، دابین بکات و تاوەکو کۆتایی ساڵیش دەتوانێ بە زیادەوە دابینی بکات و پێویستی بە بەغدا نەبێ".




