٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەبێ هەڵەبجە بكرێتە شارێكی نموویی‌ لەسەر ئاستی جیهاندا.. کوردستانیان ٥ خولەك وەستان

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info-  کەمێک لەمەوبەر و لە ٢٧ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەدا، کوردستانیان بە گشتی بە ٥ خولەک وەستان ڕیزیان لە شەهیدانی ئەو کارەساتە نا و، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێت، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، گرینگترین هەنگاو بوو لەم كاتەدا، پێویستیشە هەڵەبجە بكرێتە شارێكی نموونەیی‌ لەسەر ئاستی جیهاندا.

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی شەهیدان (بەرەڤان حەمدی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەرنامەی مەراسیمی هەڵەبجە لە سەعات 10ـەوە بە گوتار خوێندنەوە دەستی پێ کرد و، مەراسیمی دووەم دانانی تاجەگوڵینەیە لەسەر گۆڕی شەهیدان لە هەڵەبجە، دواتر گۆڕێكی بەكۆمەڵ كە 7 كەس بوون و بە هۆی كیمیابارانەوە لە 1988ـدا شەهید بوون، ئەمڕۆ هەڵدەدرێتەوە و لە مەراسیمێكی شاییستەدا بەخاك دەسپێردرێن، ئەمەش دوای پشكنیكی ورد دێت بۆ ئەو ئێسك و پروسكانە.
(بەرەڤان) گوتیشی: "لەسەر ئاستی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و حكوومەت و پەرلەمان یادەكە دەكرێتەوە و لەسەر ئاستی كوردستانیشدا بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی هەڵەبجە ماوەی 5 خولەك خەڵك بە گشتی لە كاركردن دەوەستێت و هەندێك چالاكیی جۆراوجۆریش ئەنجام دەدرێن".
گوتیشی: "بۆنەكانی ئەمساڵ زیاتر بۆ پشتیوانیكردنن لە هێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە یادەكان فراوان ناكرێن، بەڵام یادی هەڵەبجە هاوكات لەگەڵ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە تێكەڵ دەكرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی شەهیدان زیاتر گوتی: "باشترین هەنگاو كە بۆ هەڵەبجە نرا، بەپارێزگابوونی شارەكە بوو كە پار ساڵ بڕیارەكە  لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەرچوو و لە ‌پەرلەمانی كوردستان و عێراقیش پەسەند كرا، بەڵام بەداخەوە لە 2014 و 2015 هیچ بوودجەیەك بۆ كوردستان نەهاتووە تا بوودجەیەكی تایبەت لە میزانیەی ئەو دوو ساڵە بۆ ئەو شارە دابنرێت، بۆیە دەڵێین بەپارێزگابوون باشترین هەنگاوە، چونكە لەمەودوا بوودجەیەكی تایبەت بۆ شارەكە دابین دەكرێت و پڕۆژەی جۆراوجۆری دەبێت، دواتر دەستەی سەربەخۆ ی فەرمانگە حكوومییەكان دەكرێتەوە، پێویستیشە هەڵەبجە ئەوەندە بایەخی پێ بدرێت كە خەڵك بە تایبەتی بێتە ئەو شارە و ببێتە ناوەندێكی جیهانی، كاری حكوومەتیش لەسەر ئەم بوارە دەبێت، بەڵام بەداخەوە ڕەوشەكە ئێستا چونكە لەبار نییە، دەبێت كات بدرێتە حكوومەت تا ئەو كاتەی تەواوی بەرنامەكان جێبەجێ دەكرێن".
 

هەواڵی پەیوەندیدار