لەخورماتوودا هاووڵاتییەك و دوو چەكداری شیعە كوژران و برینداربوون

خورماتوو-KDP.info-لەكردەوەیەكی تیرۆریستییدا لە شارۆچكەی خورماتوودا هاووڵاتییەكی بەرەگەز توركمانی شیعە كوژرا و لە تەقنیەوەیەكیشدا دوو چەكداری حەشدی شەعی برینداربوون.
بەرێوەبەری راگەیاندنی قایمقامەتی خورماتوو (محەممەد فایەق) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە گەڕەكی رزگاری شارۆچكەی خورماتوودا، لە لایەن دوو چەكداری نەناسراوەوە دەستڕێژی گوللە لە هاووڵاتییەك كرا و كوژرا. گوتیشی، هاووڵاتییەكە بەڕەگەز توركمانی شیعەیە بە ناوی ( سەرتل ئەحمەد خورشید) و دانیشتووی خورماتووە.
(محەممەد فایەق) راشیگەیاند: لەلایەكی دیكەوە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای خورماتوو – گوندی حەفرییە، بۆمبێكی چێندراو بە كاروانێكی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئاكامی ئەو تەقینەوەیە دوو چەكداری شیعە برینداربوون كە بە ڕەگەز توركمانی شیعەن و خەڵكی شارەدێی ئامرلین.
كوژرانی ئەم هاووڵاتییەو برینداربوونی چەكدارە شیعەكان لە كاتێكدایە رۆژانە و بە بەردەوامی هاووڵاتیانی بەرەگەز عەرەب و توركمانی سووننە مەزهەب لە ناوچەكە دەكرێنە ئامانج.
كاروان جاف




