ژاپۆن سوپاسی هەرێمی کرد..نێچیرڤان بارزانی: چاومان لە تەکنۆلۆژیای نوێی ژاپۆنە

هەولێر-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە پێشوازی جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن¬دا رایگەیاند کە، هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە ژاپۆن لە بواری هەڵگرتنەوەی میندا بە دابینكردنی ئامێر و پێداویستیی و تەكنەلۆژیای نوێی بواری هەڵگرتنەوەی مین، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات..هەڵبەت جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆنیش، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لەکۆمەک و هاوکاری وڵاتەکەی بۆ هەرێم کرد.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یهكشهممه 15/3/2015 سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن (كێنتارۆ سۆنۆرا) كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئیدانەكردنی كوشتنی بارمتە ژاپۆنییەكە لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە و سوپاس و پێزانینی سەرۆكوەزیران و حكوومەت و خەڵكی ژاپۆنی بۆ ئەم هەڵوێستەی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە و پشتگیریی ژاپۆنی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی.
جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هەروەها دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی وڵاتەكەی پشتگیریی مرۆیی و كۆمەك پێشكەش بەو ئاوارە و پەنابەرانە دەكات كە بەهۆی ترسی تیرۆرهوه هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وڵاتەكەی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاكاندا لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات. ههروهها باسی لە سەردانی شاندێكی پەرلەمانی عیراق بۆ وڵاتەكەی كرد كە لە هەموو لایەنەكانی كورد و سوننە و شیعە پێكهاتبوو و لە وێش ژاپۆن ئامادەییی خۆی بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان نیشان داوە و ژمارەیەك لەو پڕۆژانە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەم سەردانەی جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆنی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانەكەی لەم كاتەدا وەك پشتگیرییەك بۆ هەرێمی كوردستان لە قەڵهم دا. جەختی لەوەش كردەوە كە كوشتنی بارمتە ژاپۆنییەكە بەو شێوە وەحشیگەرییە، تراژیدیایەك بوو هەمووانی شۆك كرد و دووبارە سەرخۆشیی خۆی و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی بە حكوومەت و گەلی ژاپۆن راگەیاند. پوختەیەكیشی دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆر خستە ڕوو و تیایدا ئاماژەی بەوە دا كە پێشمەرگە لە پێشڕەوی و سەركەوتن و تیرۆریستانیش لە شكست و پاشەكشێی بەردەوامدان و پێشمەرگە كۆمەڵێك شوێن و پێگەی زۆر ستراتیژی لە دەستی تیرۆریستان دەرهێناوە.
هەروەها باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار پەنابەر و ئاوارە كردووە و ئەمەش پاڵەپەستۆیەكی زۆری بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بەتایبەتى كە حكوومەتی عیراق وەك پێویست هاوكاریی ئاوارە و پەنابەرانی نەكردووە و داوای كرد حكوومەتی ژاپۆن لە هاوكاری و كۆمەكە مرۆییەكانی بەردەوام بێت. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە ژاپۆن لە بواری هەڵگرتنەوەی میندا بە دابینكردنی ئامێر و پێداویستیی و تەكنەلۆژیای نوێی بواری هەڵگرتنەوەی مین، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بارودۆخی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت، ههروهها سوپاسی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو پرۆژانەی كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان دەدات و ئەم هاوكاریانەی ژاپۆنی بەرز نرخاند.




