هاووڵاتیانی ژێر دەستەڵاتی داعش هەڵدێن.. پەنا بۆ پێشمەرگە دەبەن

مەخموور-KDP.info- جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر ڕایگەیاند، رەوشی میحوەری گوێڕ-مەخموور ئارامە و هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان و تیرۆریستانیش زۆر بێهێز بوون. دەشڵێت، دوێنێ شەویش 7 هاووڵاتی لە شارەدێی قەراج لەبەر ستەم و هەڕەشەكانی داعش هەڵاتن و خۆیان گەیاندە سنوورەكانی دەستەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە.
جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر عەمید (سەردار مۆرتكە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە ئێستادا رەوشی میحوەری گوێڕ-مەخموور ئارامە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ورەیەكی پۆڵایینەوە لە دوایین سەنگەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەدان و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هێرشێكی تیرۆریستانن بۆ ناوچەكە، تیرۆریستانیش زۆر لاواز و بێهێزن.
جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر ئاماژەیشی دا كە، لەبەر زوڵم و ستەمی تیرۆریستانی داعش ئەو هاووڵاتیانەی كە لە ژێر چنگی ئەو تیرۆریستانەدا دەژین، چەند رۆژ جارێك كۆمەڵێكیان خۆیان دەگەیەننە نزیكترین خاڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و مەبەستیان لەم كارەیشیان ئەوەیە لە چنگی داعش رزگاریان بێت.
عەمید (سەردار، ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەو هەر دوێنێ شەویش 7 هاووڵاتی لە خۆرهەڵاتی شارەدێی قەراج لە نێوان هەردوو گوندی (بیرملێدی و قەڵاتە سۆرانی مامەندان) خۆیان گەیاندە سنووری هێزەكانی پێشمەرگە.
سەرباز واحد




