پلانی سەربازی و مەدەنییش بۆ پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ دانراون

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، تیرۆریستانی داعش خەڵكی مووسڵ دەترسێنن، بەوەی كە شیعەكان هێرش دەكەنە سەر مووسڵ و دەستدرێژی دەكەنە سەر خەڵكی ئەو شارە، ئەمەیش بۆ ئەوەیە كە گەنجانی مووسڵ هاوكارییان بكەن. دەشڵێت، جگە لە پلانی سەربازی بۆ رزگاركردنی مووسڵ، پلانێكی مەدەنییش دانراوە بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی رزگاركردنیدا، هاوكاریی خەڵكی مووسڵ بكەن.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (غەزوان حامد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئامادەكاریی باش بۆ ئازادكردنی مووسڵ كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا وڵاتانی هاوپەیمان لەسەر چۆنیەتیی ئەنجامدانی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ نەگەییشتوونەتە رێككەوتن و، گفتوگۆكردن بۆ ئەو بابەتە لە نێوان وڵاتانی ئەمەریكا و ئێران و توركیا و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانان دەكرێت بۆ ئەوەی بە چ شێوەیەك پرۆسەكە دەست پێ بكات و تاوەكو ئێستایش لەسەر ئەو بابەتە نەگەییشتوونەتە رێككەوتن".
(غەزوان حامد) گوتیشی: "جگە لەو پلانە سەربازییە، ئێمە وەكو ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ پلانێكی مەدەنیمان داناوە بۆ ئەو خەڵكەی لە كاتی دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ ئاوارە دەبن، چونكە پێویستی بە پلانێك هەیە و رەنگە خەڵكێكی زۆر بەو هۆیەوە ئاوارە بن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ زیاتر گوتی، چاوەڕوان دەكرێت دوای رزگاركردنی تكریت، پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵیش دەست پێ بكات، چونكە ئازادكردنی تكریت كاریگەرییەكی زۆر باشی بۆ سەر مووسڵ دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




