٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فوئاد مەعسووم ئامانجی سەردانەكەی كوردستان، بۆ عەبادی ڕوون دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- راوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراق دەڵێت، بڕیارە شاندێكی حكوومەت و شاندێكی سیاسی لە كوردستانەوە بچنە بەغدا و، سەرۆككۆماریش سەردانی (عەبادی) دەكات تا ئامانجی سەردانەكەی بۆ كوردستان بخاتەڕوو.

راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق (د. عەبدوڵڵا عەلیاوایی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە كۆبوونەوەی سەرۆككۆمار و لایەنە سیاسییەكاندا ئەوە ڕوون كراوەتەوە كە گفتوگۆكان بەرەو كوێ چوون و چییان بەسەر هاتووە، هەروەها لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بە وردی باسی گرفتەكانی بەردەم ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا كراوە كە ئەو ڕێككەوتنە بۆچی وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە".

(عەلیاوایی) گوتیشی: "بڕیارە شاندێكی حكوومەت و شاندێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی بەغدا بكەن، ئەمەیش پێشتر لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا باس كراوە، بۆیە گرینگە ئەم سەردانە بكرێت بۆ ئەوەی بۆچوونی هەردوولا لە یەكترییەوە نزیك بخرێتەوە، وا بڕیاریشە‌ سەرۆككۆمار لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە و ئامانجی سەردانەكەیش بخاتە ڕوو، هەروەها پێشنیازی كورد بخاتە بەردەم (عەبادی) و لەوێیش بزانرێت سەرۆكوەزیرانی عێراق چی پێیە تا بە شاندی كوردی رابگەیەنێت".

راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێك كۆبوونەوەكە لە نێوان هەردوولادا نەكرێت، ئەوا كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لە عێراقدا ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی میكانیزمێك بۆ ئەو مەبەستە بدۆزرێتەوە.
كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار