پێشمەرگە لە هێرشەكەی گوندی بەشیردا بەشدار نابێ

كەركووك- KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك ئاماژە بە سەركەوتنی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی كەركووك دەكات و دەڵێت، پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی گوندی بەشیردا ناكات.
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك لیوا (هەڵۆ جەنات) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بارودۆخی كەركووك گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، چونكە لە ماوەی هەفتەی رابردوو تەقە لە كۆمەڵێك سنووری كەركووك و پارێزگاكانی دیكە دەستی پێ كردووە و شەڕ لە دژی داعش بەردەوامە، بە تایبەتی لە باشوور و ڕۆژئاوای كەركووك و داعشیش لە ڕووخاندایە، ئەگەریش پێشمەرگە هێرش بكات هەتا حەویجە راناوەستێت و پێشڕەوی دەكات، بەڵام هێشتا هیچ فەرمانێك نەدراوە و تا ئەو شوێنەی دیاری كراوە، پێشمەرگە پێشڕەویی كردووە، ئێستایش داوا كراوە تیمێكی گەورەی مینهەڵگرتنەوە بێنە شاری كەركووك تا سەرجەم ئەو شوێنانە پاك بكەنەوە كە داعش بۆمبڕێژی كردوون، چونكە بەشێكی زۆری زیانەكانی پێشمەرگە لە هەفتەی رابردوودا بە هۆی ئەو مینانەوە بووە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، تا ئێستا پرۆسە گەورەكەی ئازادكردنی گوندی بەشیر دەستی پێ نەكردووە، بەڵام توركمان و حەشدی شەعبی خۆیان گوتوویانە كە پێیان خۆشە خۆیان بەشداری لە ئازادكردنەوەی گوندەكەدا بكەن و چاوەڕوانی هێزێكی خۆیان دەكەن لە بەغداوە بگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك دەشڵێت، سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشوور و ڕۆژئاوای كەركووك، سەركەوتنێكی جیاواز بووە، چونكە لە ماوەیەكی كەمدا دەیان گوند و شوێنیان لە داعش پاك كردەوە، هەر ئەمەیشە وای كردووە ئارامییەكی تەواو بۆ كەركووك بگەڕێتەوە.
كارزان سەباح هەورامی




