تیمێكی نێودەوڵەتی لە بەكارهێنانی گازی كلۆر لەلایەن داعشەوە دەكۆڵێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی هێزەكانی زێرەڤانی رایگەیاند، داعش توانای شەڕیان لەگەڵ پێشمەرگەدا نەماوە و پەنا دەبەنە بەر كاری ترسناك وەك وەشاندنی گازی كلۆر و ئەو كەیسەش دەكرێتە بابەتێكی نێودەوڵەتی، لەگەڵ بابەتی زیندەبەچاڵكردن و كوشتنی بەكۆمەڵدا هاوپێچ دەكرێت و دەبرێتە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی زێرەڤانی (د. ئازاد حەوێزی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "داعش بە تەواوی بۆی دەركەوتووە كە ناتوانێت بەرەنگاری هێزی پێشمەرگە ببێتەوە، بۆیە دەیەوێت پەنا بباتە بەر شتێكی مەترسیدار بە تایبەتی لەم شەڕی دواییدا داعش گازی كلۆری بەكار هێناوە، زۆر جار یش ویستوویەتی لە ڕێگای بارهەڵگری بۆمبڕێژكراوەوە گازی كلۆر بە هێزی پێشمەرگەدا بتەقێنێتەوە و بەڵگەیش لەو بارەوە زۆرن، نموونەیەك هەیە كە تەنكەرێك پێش ئەوەی بیەوێت خۆی بە پێشمەرگەدا بتەقێنێتەوە یان گازەكە بوەشێنێت، لەلایەن پێشمەرگەوە شۆفێرەكەی بریندار كراوە و دواتر دەسگیر كراوە، ئەمە وای كردووە كە تەواوی راستییەكان لەو بارەیەوە ئاشكرا بن، بۆیە ئێستا تیمێكی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوە دەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەو بارەوە ئاگادار كراوەتەوە".
بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی زێرەڤانی گوتیشی: "ئەم كەیسە دەكرێتە بابەتێكی نێودەوڵەتی، لەگەڵ بابەتی زیندەبەچاڵكردن و كوشتنی بەكۆمەڵدا هاوپێچ دەكرێت و دەبرێتە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
كارزان سەباح هەورامی




