سبەینێ لە هەڵەبجە ساڵیادی كیمیاباران بەڕێوە دەچێت.. چالاكوانان هەڕەشە دەكەن

هەڵەبجە-KDP.info- سەرجەم ئامادەكارییەكانی یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە تەواو بوون و، بە هۆی نەبوونی گوتاری پارێزگاری هەڵەبجە و هەبوونی گوتاری پارێزگاری سلێمانییشەوە لە بەرنامەی یادەكەدا، ژمارەیەك لە چالاكوانان هەڕەشەی كاردانەوە دەكەن.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتوون، لیژنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە سەرجەم ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە بۆ ئەوەی سبەینێ 16/3/ سەعات 10-ی سەرلەبەیانی لە پشت مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە دەست بە بەڕێوەچوونی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە بكرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان بەرنامەی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەكەمی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەست پێ دەكات پاشان گوتەی بەخێرهاتن لەلایەن قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دەخوێنرێتەوە و دواتر جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم (قوباد تاڵەبانی) گوتارێك دەخوێنێتەوە، پاشانیش پارێزگاری سلێمانی (ئاسۆ فەرەیدوون) گوتارێك پێشكەش دەكات، دواتر بە چەند چالایەكی هونەری درێژە بە بەڕێوەچونی یادەكە دەدرێت.
لە زانیارییەكاندا ئەوە ڕوون كراوەتەوە كە ژمارەیەك لە چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی پارێزگای هەڵەبجە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دژایەتی خۆیان بۆ دانانی گوتار بۆ پارێزگاری سلێمانی دەربڕیوە لە كاتێكدا گوتاری پارێزگاری هەڵەبجە دانەنراوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەڕەشەی كاردانەوەی توند دەكەن ئەگەر پارێزگاری سلێمانی گوتار بخوێنێتەوە.
بەڕێوەچوونی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبحە لە كاتێكدایە، سبەینێ ساڵێكی تەواو بەسەر واژۆكردنی بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگارێك بۆ هەڵەبجە دابنرێت و سبەینێ گوتارێك پێشكەش بكات.
ئاسۆ عەلی




