٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لایەنی بەرپرس بە فەرمی لە 'مالیکی'ـیش دەکۆڵێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-جێگری سەرۆکی لیژنەی دۆزینەوەی ھۆکاری کەوتنی مووسڵ ئاشکرای کرد، داوایان کردووە ماوەی لیژنەکەیان درێژ بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی نزیکەی ٣٠ بەرپرس ماون لێیان بکۆڵنەوە؛ دەڵێ بە نووسراوێک داوایان کردووە نووری مالیکی بانگهێشتی لیژنەکەیان بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە.
(شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "١٢ـی ئەم مانگە ماوەی لیژنەکەی ئێمە تەواو بوو؛ داوامان کردووە بۆ دوو مانگیش نەبووبێت، بۆ مانگێک دەسەڵاتی لیژنەکەمان درێژ بکرێتەوە، چونکە لێکۆڵینەوە تەواو نەبووە."
(شاخەوان عەبدوڵا) گوتیشی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٥٠ بەرپرس بانگهێشتی لێکۆڵینەوە کراون و، نزیکەی ٣٠بەرپرسی دیکە ماون، لەوانە وەزیرانی پێشووی بەرگری و، ناوخۆی حکوومەتی عێراق.
(عەبدوڵا) ڕایشیگەیاند: "ھۆکارە گشتییەکانی کەوتنی مووسڵ دیار کەوتووە؛ فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، نەیتوانیوە بەرپرسی شیاوی سەربازی بۆ پارێزگای مووسڵ دیاری بکات و، ئەوانەی دیاری کراون لەسەر بنەمای هۆزهۆزانێ و، خزم‌خزمێنێ دانراون و گەندەڵی زۆر ھەبووە، چونکە بەرپرسەکان ھێندەی بە گەندەڵییەوە خەریک بوونە، نەیانپەڕژاوەتە سەر کارەکەی خۆیان و، گویان پێ نەداوە."
ناوبراو، ئاماژەیشی دا، بە نوسراوێک بە فەرمی داوای کردووە نووری مالیکی بانگ بکەن بۆ ئەوەی لێی بکۆڵنەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە لە مالیکییش بکۆڵنەوە.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار