لەبەر دەمەقاڵێ، پەرلەمانتارانی عێراق کۆبوونەوەیان پێ نەکرا

بەغدا-KDP.info-لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆکی پەرلەمان و، ئەندامانی تاقمی سەدر، لێیان بوو بە دەمەقاڵە؛ کۆبوونەوەکە پەکی کەوت و، خستیانە ڕۆژی دووشەممە.
(ئەشواق جاف) لە ئەندامی فراکسیۆنەکەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر کە لیژنەکانی پەرلەمان لەسەر دوو بنەما دابەش کران یەکەم سەنگی ھەڵبژاردن و، دووەمیان سازانی سیاسی؛ لیژنەی خزمەتگوزارییەکان سەرۆکەکەی بۆ کورد و، جێگرەکەی بۆ تاقمی سەدر بوو، بەڵام ئەندامانی ئەو لیژنەیە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکە و، سەرۆکەکەی درا بە لیستی دەوڵەتی قانوون و، جێگرەکەیشیان دا بە لیستی عێراقیە!"
(ئەشواق جاف) گوتیشی، لە وەرزی یەکەمی یاسادانان ڕەخنەمان گرت لەو بابەتە کە چۆن ئەو لیژنەەی بەم شێوەیە دابەش کراوە و، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەڵێنی دا ئەو بابەتە چارە بکات، بەڵام وا خەریکە وەرزی دووەمی یاسادانانیش تەواو دەبێت، ئەو بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە، کە خۆی دابەشکردنی لیژنەکان دووساڵ بە دووساڵە، بەڵام لیستی دەوڵەتی قانوون ئامادە نییە دەست لەو لیژنەیە بشوات.
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەمڕۆ ئەندامانی تاقمی سەدر ڕەخنەیان گرت و، چوونە نزیک شوێنەکەی سەرۆکی پەرلەمان و، پاسەوانەکانی ئەویش ھاتن بەری ئەندامانیان گرت؛ ھەندێک لە ئەندامان پاڵیان بە پاسەوانەکانەوە نا و، هەتا نزیک سەرۆکی پەرلەمان چوون؛ ئەوانیش پاڵیان بە ئەندامانی تاقمی سەدرەوە نا، ئاخری ئەندامانی دەستەکانی دی کەوتنە ناوبژیوانی؛ ئاخرییەکەیشی سەرۆکی پەرلەمانی کۆبوونەوەکەی خستە دووشەممە.
بڵند ئیبراھیم




