لە سنووری داقوق داعشان داوای خۆڕادەستکردن دەکەن

هەولێر-KDP.info- جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی ھێزی پێشمەرگە لەمیحوەری کەرکووک ئاشکرای کرد، تیرۆریستانی داعش تووشی ڕووخان ھاتوونە و، بیانییەکان ھەڵاتوون و، ئەوانەی دیکەش زۆر لاواز بوونە، بۆیە ئەگەر فەرمانمان ھەبێت بە ڕۆژێک تا نزیک حەویجە ھەمووی ئازاد دەکەین.
عەمید (عوسمان ڕەمەزان) جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی میحوەرەکەی ئەوان کڕ و ئارامە و، ئەمڕۆ ھیچ شەڕێک ڕووی نەداوە و، جمجۆڵی داعشیش لە ناوچەکە نەماوە، چونکە تووشی ڕووخان ھاتوونە و، بیانییەکان گەڕاونەتەوە بۆ سووریا و، ئەوانەی سەرمایەدارن و، دەستیان لە کاری خراپەدا ھەبووە، ھەڵاتوون و، ئەوانەی ماونیش زۆر لاواز بوونە و، توانستی ھێرشکردنیان نەماوە، لەبەر ئەوەی تووشی ڕووخان ھاتوونە."
عەمید (عوسمان ڕەمەزان) ڕوونیشی کردەوە، فەرمانمان پێ نییە، چونکە ئەگەر فەرمان ھەبێت دەتوانین بە ڕۆژێ تاوەکو نزیک حەویجە ھەموو ناوچەکان ئازاد بکەین؛ تیرۆریستان ئیدی ورەی شەڕیان نەماوە و، ڕووخاون.
ھەروەھا گوتیشی، لە سنووری داقووقدا تیرۆرستان داوایان کردووە خۆیان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە بکەن و، لە میحوەرەکەی ئێمەیشدا ٩٥% کەمیان کردووە و، نەماون.
بڵند ئیبراھیم




