سعوود مەلا: تەڤدەم کارێکی پێچەوانەی رێککەوتننامەی دھۆکی کردووە

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- دوێنێ هەینی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان بەرێوە برا و، تەڤدەم بەبێ پرس بە ئەنەکەسە و بڕیاردان بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەو کارەی کردووە، سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان -سووریا دەڵێت، ئەو کارەی تەڤدەم پێچەوانەی رێککەوتننامەی دھۆکە و ئەوان بەشدارییان تێیدا نەکردووە و بە خراپیشی دەزانن، دهشڵێت، پشتگیری لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کورستان دەکەین، چونکە ئەو هەوڵەی (سەرۆک بارزانی) داویەتی بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان، لە خزمەتی دۆزی گەلی کوردە."
سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان-سووریا (سعوود مەلا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەلایەن پەیەدەوە لە رۆژئاوای کوردستان کارێکی زۆر خراپ بوو، چونکە پێچەوانەی رێککەوتنامەی دھۆک بوو و ئێمەش ئەو رێککەوتننامەمان ھەڵپەساردووە، لەبەر ئەوەی پێویست بوو کارەکانمان تەواو بکەین بە ھاوبەشی، ئەوکات ھەڵبژاردن ئەنجام بدەین."
(مەلا) گوتیشی: "تەڤدەم بڕوایان بە ھاوبەشی و ھاوکاری نییە و، بە تەنیا بڕیار دەدەن و پرس بە ھیچ لایەنێک ناکەن، هەڵبەت ئەمەش لای ئێمە مایەی قبووڵکردن نییە."
سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان-سووریا دهشڵێت، ئێمە پشتگیری لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەین و (سەرۆک بارزانی) کەسایەتیێکی کوردستانییە و ئەوەی ئەو دەیڵێت لە خزمەتی پرسی کوردە و، ئێمە متمانەمان بە سەرکردایەتی ئەو ھەیە و پشتگیری لێ دەکەین؛ ئاخر هەوڵەکانی (بارزانی) لەپێناو یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و یەکسەنگەرییانە."
بڵند ئیبراھیم




